حکوومەتی سویسرا: شاندی وڵاتان گەیشتوون و گفتوگۆکان بە فەرمی دەستپیێدەکەن
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا رایگەیاند، شاندەکانی ئەمریکا و ئێران بە مەبەستی دانوستان گەیشتوونەتە هاوینەهەواری بێرگنستۆک و گفتوگۆکان بە فەرمی دەستپیێدەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی سویسرا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەری کوردستان24، رایگەیاند، شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گەیشتوونەتە شوێنی کۆبوونەوەکە لە هاوینەهەواری بێرگنستۆک.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هاوکات هەردوو شاندی پاکستان و قەتەر وەک نێوەندگیر لە دانوستانەکاندا بەشدارن و گەیشتوونەتە بێرگنستۆک.
وەزارەتەکە باسی لەوەش کردووە، گفتوگۆی نێوان لایەنەکان بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، بە فەرمی دەستپێدەکەن.
بڕیار بوو رۆژی 19ـی حوزەیرانی 2026 لە هاوینەهەواری بێرگنستۆک لە سویسرا گفتوگۆی راستەوخۆ و واژۆکردنی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەبچێت؛ بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا.
رۆژی پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەقی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان بە شێوەی دیجیتاڵی واژۆ کرد. ئەم یاداشتنامەیە بە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد ناسراوە، مەبەست لێی کۆتاییهێنانە بە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران.
دەربارەی هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو کۆبوونەوەیەی بڕیار بوو لە سویسرا بکرێت، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، دەقی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا واژۆ کراوە، بۆیە کۆبوونەوەکەی سویسرا پێویست نەبوو.
بەپێی بەندەکانی رێککەوتنەکە پێویستە گەرووی هورمز بە رووی بازرگانیدا بکرێتەوە. هاوکات 60 رۆژ وەک قۆناغی تەکنیکی بۆ دانوستان لەسەر پرسە سەرەکییەکانی وەک بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دیاری کراوە.