عێراق لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەدایە کە زۆرترین مینیان تێدایە
عێراق پێوسیتی بە 15 ساڵ هەیە بۆ پاککردنەوەی زەوییەکانی لە مین و تەقەمەنی
روانگەی عێراقی سەوز کە تایبەتە بە ژینگە لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا ئاشکرای کرد، نزیکەی چوار هەزار و 800 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە خاکی عێراق بە مین و پاشماوەی جەنگ پیس بووە، ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم رووبەرە فراوانە عێراق دەخاتە ریزبەندی یەکەمی ئەو وڵاتانەی جیهان کە بەدەست مەترسیی ئەم تەقەمەنییانەوە گرفتارن.
روانگەی عێراقی سەوز روونیکردووەتەوە، ئەم قەیرانە لە دوای جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق-ئێرانەوە دەستی پێکردووە و لە جەنگی دووەمی کەنداو لە ساڵی 1991ـەوە بەردەوام بووە، پاشان بەهۆی هێرشەکانی رێکخراوی داعش لە ساڵی 2014، کێشەکە لە پارێزگاکانی نەینەوا، ئەنبار و سەلاحەددین قووڵتر بووەوە، لە کاتێکدا پێشتریش ناوچەکانی بەسرە، میسان، واست و موسەننا بە تەواوی پیس بوو بوون.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بەهۆی ئەم پاشماوانەوە، تا ئێستا دەیان هەزار هاووڵاتی عێراقی گیانیان لەدەستداوە یان تووشی کەمئەندامی هەمیشەیی بوون، کە زۆربەیان منداڵ و شوانکارەن.
روانگە راشیگەیاند، ئەم پیسبوونە بووەتە هۆی پەککەوتنی تەواوەتی نزیکەی دوو ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵی، هەروەها %70ـی زەوییەکانی ئەنبار و نەینەوا کە بە سەبەتەی خۆراکی عێراق دادەنرێن بەهۆی مەترسیی تەقەمەنییەکانەوە چۆڵکراون و شیاوی کشتوکاڵکردن نین.
روانگەی عێراقی سەوز مەزەندە دەکات کە عێراق پێویستی بە 10 بۆ 15 ساڵی تر هەیە بۆ پاککردنەوەی خاکەکەی، ئەمەش بەو مەرجەی بودجەیەکی زەبەلاح لەلایەن حکوومەت یان رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە دابین بکرێت، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزیی دۆسیەکەوە، پێدەچێت پڕۆسەکە ماوەیەکی زۆر زیاتریش بخایەنێت.
روانگەکە رەخنەی توندی لە بێدەنگیی تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەگرێت و ئاماژە بە بوونی گومانی گەورەی گەندەڵی دەکات لە دۆسیەی پاککردنەوەی زەوییەکاندا لە ساڵی 2004ـەوە تا ئێستا.
بەپێی زانیارییەکان، وەزارەتی کاروباری مین کە دواتر گوازرایەوە بۆ سەر وەزارەتی ژینگە گرێبەستی لەگەڵ چەندین کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی واژۆ کردووە، بەڵام ئەم کۆمپانیایانە بەبێ کارێکی راستەقینە، ناوچەکانیان وەک "ناوچەی پاک" رادەست کردووە؛ بەڵام چەند رۆژێک دوای رۆیشتنی تیمەکان دانیشتووانی ناوچەکە گوێیەکانیان بەدەنگی تەقینەوە دەزرینگایەوە.