کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵی لە بارەی رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی حوزەیرانی 2026، وەزیرانی دەرەوەی میسر، تورکیا، سعوودیە و پاکستان لە شاری قاهیرەی پایتەختی میسر کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵییان دەستپێکرد، ئامانجی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی پاڵپشتیی سەقامگیری لە ناوچەکە و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانە.

بەگوێرەی میدیاکان، کۆبوونەوەکە بە بەشداریی بەدر عەبدولعاتی وەزیری دەرەوەی میسر، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیە، و محەممەد ئیسحاق دار وەزیری دەرەوەی پاکستان بەڕێوەدەچێت.

ئاماژەیان بەوەکردووە، کۆبوونەوەکە بە ئامانجی تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنی راگرتنی جەنگ لە نێوان واشنتن و تارانە.

ئەم دیدارە لە کاتێکدایە بڕیارە لە ئەمڕۆ گەڕێکی نوێی دانوستانەکان لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە سویسرا بەڕێوەبچێت بۆ تەواوکردنی لێکتێگەیشتنەکانی نێوانیان.

ئەم کۆبوونەوەیەی قاهیرە دەبێتە چوارەمین کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەم چوار وڵاتە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.

 1. کۆبوونەوەی یەکەم: لە 20ـی ئاداری 2026 لە ڕیاز بەڕێوەچوو.

 2. کۆبوونەوەی دووەم: لە کۆتایی هەمان مانگ لە ئیسلام ئاباد بەڕێوەچوو.

 3. کۆبوونەوەی سێیەم: لە 17ـی نیسانی 2026 لە ئەنتالیای تورکیا بەڕێوەچوو.

له 14ـی حوزەیرانی 2026، ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیریی پاکستان، گەیشتنی خۆیان بە رێککەوتنێکی 14 بڕگەیی راگەیاند کە تایبەتە بە راگرتنی جەنگ و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە رێگەی دیپلۆماسییەوە.

گرنگترین بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە

کۆتایهێنان بە جەنگ (بە شەڕی لوبنانیشەوە).

-دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز.

-لادانی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لەسەر ئێران.

ئەم رێککەوتنە لە 18ـی حوزەیرانی 2026، دوای ئەوەی لە لایەن مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە بە شێوازی ئەلیکترۆنی ئیمزا کرا.