پۆلیسی فەرەنسا تابلۆیەکی دزراوی پیکاسۆیان دۆزییەوە

پۆلیسی فەڕەنسا لە کاتی ئەنجامدانی هەڵمەتێکی پشکنین بۆ سەر باندێکی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە یەکێک لە گەڕەکەکانی پاریس، توانی تابلۆیەکی رەسەنی شێوەکاری ناوداری جیهانی، پابلۆ پیکاسۆ بدۆزێتەوە کە پێشتر دزرابوو.

نووسینگەی داواکاری گشتی لە شاری کرێتێل کە دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی پاریس رایگەیاند، دۆزینەوەی ئەم شاکارە هونەرییە لە کاتی گەڕان و پشکنینێکدا بووە کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەیەکی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە کراوە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "لۆ پاریسیان"، ئۆپەراسیۆنەکە رۆژی دووشەممەی رابردوو لەلایەن لێکۆڵەرانەوە لە رۆژهەڵاتی پاریس بەڕێوەچووە.

پۆلیسی فەرەنسا لە کاتی پشکنینی ماڵەکەدا، تەنها تابلۆکەی نەدۆزیوەتەوە، بەڵکو دەستی بەسەر چەندین شتی تریشدا گرتووە کە پێکهاتوون لە، ماددەی هۆشبەر، کۆمەڵێک جلوبەرگی گرانبەهای دیزاینەرە جیهانییەکان،  بڕێکی زۆر پارەی کاش بە دراوی یۆرۆ،

هاوکات نووسینگەی داواکاری گشتی کرێتێل بە فەرمی رەسەنایەتی تابلۆکەی پیکاسۆی پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام لەبەر باری ئاسایشی لێکۆڵینەوەکە، هێشتا وردەکاری زیاتری لەسەر ناو و نرخی تابلۆکە ئاشکرا نەکردووە.

دوای ئەم ئۆپەراسیۆنە، نووسینگەی داواکاری گشتی دۆسیەیەکی نوێی لێکۆڵینەوەی لەژێر ناونیشانی "دزین و بازرگانیکردن بە کەلوپەلی دزراو" کردووەتەوە، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە رۆژی هەینی، چوار کەس لە تۆمەتبارانی ئەم دۆسیەیە بۆ ئەنجامدانی یەکەم دانیشتنی دادگاییکردن و لێپرسینەوە، لەبەردەم دادوەردا ئامادە کراون.