ترەمپ: زۆری نەماوە دۆسیەی حزبوڵڵا رادەستی ئەحمەد شەرع بکەم

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: کە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نیوان تاران و واشنتن تەنیا بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستە و رێککەوتنی کۆتایی نییە. هاوکات ئاشکرای کرد، کە نزیکە لە رادەستکردنی دۆسیەی حزبوڵڵا بە سەرۆکی سووریا.

یەکشەممە، 21ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕ کۆمەڵایەتیی "ترووس"، نووسیویەتی: کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەست لەکار دەکێشێتەوە.

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ستارمەر لە بەڕێوەبردنی دوو پرسی بنەڕەتی و گرنگدا تووشی شکست بووە، کە بریتین لە پرسی "کۆچبەری" و کەرتی "وزە"،

سەرۆکی ئەمریکا، سەرەڕای رەخنەکانی، بەڵام لە کۆتایی پەیامەکەیدا بۆ ستارمەر نووسیویەتی: "هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازم."

لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئێران کرد و داوای کرد، کە تاران دەستبەجێ ڕێگری لە چالاکییە تێکدەرانەکانی بریکارەکانی لە لوبنان بکات، کە بە گوتەی ئەو، پارەیەکی زۆریان پێدەدرێت بۆ نانەوەی ئاڵۆزی.

ترەمپ لە پەیامەکەیدا بە روونی رایگەیاندووە، "ئەگەر ئێران پابەند نەبێت، ئەوا جارێکی دیکە بە توندی گورزیان لێدەدەینەوە، رێک وەک ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوودا ئەنجاممان دا، بەڵام ئەمجارەیان زۆر توندتر دەبێت."

هەروەها سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی "فۆکس نیوز"، گوتی: یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئێران واژۆ کرا، تەنیا بە واتای درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست دێت و هێشتا نەگەیشتووینەتە رێککەوتنێکی کۆتایی و هەمیشەیی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان.

سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی سووریا و پێگەی حزبوڵڵای لوبنانی، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، کە ئیدارەکەی لە هەنگاوی رادەستکردنی دۆسیەی حزبوڵڵا بە سووریا نزیکبووەتەوە، بە ئامانجی پێدانی هێز و دەسەڵاتی زیاتر بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، ترەمپ رەخنەی توندی ئاڕاستەی شێوازی بەڕێوەچوونی کارە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە لوبنان کرد و گوتی: "من لە ئیسرائیل نائومێدم، چونکە ئەوان ناتوانن هیچ کارێک ئەنجام بدەن بەبێ ئەوەی باڵەخانە و بنکەکان لە لوبنان بە تەواوی وێران بکەن."

ترەمپ، تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و رایگەیاند: "دوێنێ گفتوگۆم لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا ئەنجام داوە و بە روونی هۆشداریم پێداون کە نابێت هیچ هەوڵێک بۆ داخستنی گەرووی هورمز بدەن".

هەروەها ترەمپ، لە وەڵامی جەختکردنەوەی سەرۆکی ئێران لەسەر دەستبەردارنەبوون لە پیتاندنی یۆرانیۆم رایگەیاند: "باشترە ئاگاداری قسەکانی بێت، ئەگەرنا دەست بەسەر تەواوی وڵاتەکەیدا دەگرین."