سبەی رێگەی گەلی عەلی بەگ بەڕووی شۆفێراندا بەشێوەیەکی کاتی دادەخرێت
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سۆران ئاگادارییەک ئاراستەی شۆفێران دەکات و رایدەگەیەنێت، بە مەبەستی ئەنجامدانی کارێکی ئەندازیاری، سبەی بۆ چەند کاتژمێرێک گۆڕانکاری لە هاتووچۆی رێگەی گەلی عەلی بەگدا دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی حوزەیرانی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سۆران بڵاویکردەوە، بە مەبەستی پاراستنی گیانی شۆفێران و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ، سبەی دووشەممە دەست دەکەن بە دروستکردنی (Rumble strips - ڕەگلەی بۆیاغ) لەو پێچانانەی ڕێگەی گەلی عەلی بەگ کە مەترسیدارن.
سەبارەت بە کات و شێوازی داخستنی رێگەکە، هاتووچۆی سۆران ئاماژەی بەوە کردووە:
یەکەم: کارەکان لە کاتژمێر 9:00ـی بەیانی دەستپێدەکەن و تاوەکو 5:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبن.
دووەم: ئاراستەی هاتن لە هەولێرەوە بۆ (سۆران)، ڕێگەی گەلی عەلی بەگ بە رووی شۆفێراندا دادەخرێت و پێویستە شۆفێران ڕێگەی (بێخاڵ) وەک ڕێگەی جێگرەوە بەکاربهێنن.
سێیەم: ئاراستەی چوون بەرەو (هەولێر)، رێگەی گەلی عەلی بەگ بە کراوەیی دەمێنێتەوە و شۆفێران دەتوانن بەکاریبهێنن.
لە کۆتایی ئاگادارییەکەدا، داوا لە شۆفێران کراوە پابەندی ڕێنماییەکان بن و ئارام بگرن تاوەکو کارەکان بەکۆتا دێن، ئەمەش لەپێناو سەلامەتی گشتی و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی رێگەکە.