قالیباف: گرنگی بە هەڕەشەکانی ئەمریکا نادەین
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی هیچ بایەخێک بە هەڕەشەکانی ئەمریکا نادات و هۆشداریش دەداتە واشنتن کە هێزە چەکدارەکانیان بۆ هەر وەڵامدانەوەیەک ئامادەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 21ـی حوزەیرانی 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند "ئێمە هیچ گرنگییەک بە هەڕەشەکانی ئەمریکا نادەین، چونکە ئەگەر ئەو هەڕەشانە سوودێکیان هەبوایە، ئێستا ئەمریکییەکان نەدەگەیشتنە ئەم حاڵەتی بێدەسەڵاتییەی کە تێیدان."
قالیباف هۆشداریی دایە بەرپرسانی واشنتن و گوتی "باشترە ئەمریکییەکان لە لێدوانەکانیاندا وریاتر بن، چونکە هێزەکانمان ئامادەن بە شێوازێکی دیکە وەڵامیان بدەنەوە."
جەختیشی لەوە کردەوە کە "ئەمریکییەکان هەرچەندە قسە بکەن، لە کۆتاییدا ئەوە ئێمەین کە لەسەر زەوی هەنگاو دەنێین و کارەکان جێبەجێ دەکەین."
هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانەدا، سەرچاوە میدیاییەکان بڵاویانکردەوە، شاندی دانوستانکاری ئێران لە سویسرا، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، بارەگای دانوستانەکانیان لە بێرگنستۆک جێهێشتووە.
ئەم پەرەسەندنە نوێیانە لە کاتێکدایە، کە گەڕی یەکەمی گفتوگۆ چوارقۆڵییەکانی نێوان تاران و واشنتن بە نێوەندگیری قەتەر و پاکستان لە سویسرا بەڕێوەدەچێت، بەڵام هەڕەشەکانی ترەمپ و لێدوانە توندەکانی بەرپرسانی ئێران، ئاستەنگی بۆ بەردەوامی گفتوگۆکان دروست کردووە.