ناتانیاهۆ: سوپای ئیسرائیل ئازادی تەواوی هەیە بۆ تێکشکاندنی هەر هەڕەشەیەک لە لوبنان
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند, هێزەکانی وڵاتەکەی لە باشووری لوبنان بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان و هیچ سنوورێکیان بۆ دانەنراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانەی دەکرێنە سەر ئاسایشی ئیسرائیل.
دووشەممە 22ی حوزەیرانی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد فەرمانەکانی ئەو و وەزیری بەرگری بۆ سوپای ئیسرائیل (IDF) زۆر روونن و نەگۆڕن، ئەویش بریتییە لە پێدانی ئازادی تەواو بە جەنگاوەرانیان لە باشووری لوبنان بۆ ئەنجامدانی هەر جۆرە چالاکییەکی سەربازی.
ناتانیاهۆ جەختی لەوە کردەوە، ئامانج لەم دەسەڵاتە فراوانە، تێکشکاندنی هەر هەڕەشەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیە کە رووبەڕووی سەربازانی ئیسرائیل یان دانیشتووانی ناوچەکانی باکوور دەبێتەوە. گوتیشی: "هیچ بەربەست و سنوورێک لەبەردەم سوپادا نییە لەم بابەتەدا و هەموو گەلی ئیسرائیل لە پشت سەربازەکانمان وەستاون".
ناتانیاهۆ دووپاتی کردەوە، هێزەکانیان لە ناوچەی ئارامی باشووری لوبنان دەمێننەوە تا ئەو کاتەی پێویست بێت، بە مەبەستی گەرەنتی کردنی ئاسایشی دانیشتووانی باکوور و پاراستنی تەواوی هاووڵاتییانی دەوڵەتی ئیسرائیل.
ئەمەش لە کاتێکدایە، یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی ئێران لە یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا راگرتنی شەڕە لە هەموو بەرەکان، بە تایبەتی لوبنان؛ چەندین جاریش سوپای ئێران لە بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، کاردانەوەیان هەبووە و گەرووی هورمزیان داخستووە.