رۆبیۆ بۆ تاوتوێکردنی جەنگی ئێران دەچێتە وڵاتانی کەنداو دەکات

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، گەشتێکی سێ رۆژە بۆ سێ وڵاتی کەنداو دەستپێدەکات، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئێران و کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دووشەممە 22ی حوزەیرانی 2026، تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند سبەی سێشەممە مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەست بە یەکەم گەشتی فەرمی خۆی دەکات بۆ کەنداو لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران لە 28ی شوبات. بڕیارە رۆبیۆ سەردانی وڵاتانی ئیمارات، کوێت و بەحرەین بکات و تا رۆژی پێنجشەممە بەردەوام بێت.

بەپێی راگەیەندراوەکە، تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان بریتین لە "یاداشتی لێکتێگەیشتن" لەگەڵ تاران، هەوڵەکان بۆ گەرەنتی کردنی هاتوچۆی ئازاد و بێ مەترسی لە گەرووی هورمز، و گەڕاندنەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە. هەروەها بڕیارە لە وێستگەی کۆتایی گەشتەکەیدا لە بەحرەین، لەگەڵ ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو کۆببێتەوە.

ئەم سەردانەی رۆبیۆ لە کاتێکدا دێت، کە تێیدا وەزیری دەرەوە ئەرکێکی قورسی لەسەر شانە بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بۆ وڵاتانی کەنداو، کە پێشتر لەلایەن ئێرانەوە کرابوونە ئامانج وەک تۆڵەیەک بۆ هێرشە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان. تاران پێشتر کوێت و بەحرەینی تۆمەتبار کردبوو بەوەی رێگەیان داوە بنکە سەربازییەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێت.

هاوکات، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی یەکشەممە لە سویسرا بوو بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی ئێران لەسەر بنەمای یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە، کە ماوەی 60 رۆژ مۆڵەتی داوە بە دانوستانکاران بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی.

یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی رێککەوتنەکە، کردنەوەی گەرووی هورمزە کە ئێران دایخستووە و نزیکەی 20%ی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.