کەنەدا.. دارا ئارام لە 50 تابلۆدا سروشت دەکاتە زمانی ئومێد

دارا ئارام، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، نوێترین پێشانگەی خۆی لەژێر ناوی "سروشتی هیوا بەخش"، لە شاری پۆرت پێری، لە پارێزگای ئۆنتاریۆ، لە وڵاتی کەنەدا کردەوە و دەڵێت، "لە کارە هونەرییەکانم دا، سروشت دەبێتە هێمایەک بۆ بەردەوامبوونی ژیان و زاڵبوون بەسەر ئاستەنگییەکاندا، ئەمەش لە رێگەی تەکنیک و تێکەڵکردنی رەنگەکانەوە رەنگدانەوەی هەبووە."

سێشەممە، 23ی حوزەیرانی 2026، دارا ئارام، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، بە کوردستان24ی گوت، "من لەو پێشانگەیەدا 50 تابلۆم نمایش کردووە، لە رێگەی تابلۆکانمەوە هەوڵ دەدەم  'سروشت'، تەنیا وەک دیمەنێکی بێدەنگ پێشان نەدەم، بەڵکو وەک سەرچاوەیەکی زیندووی 'ئومێد' و نوێبوونەوە بیناسێنم. لە کارە هونەرییەکانم دا، سروشت دەبێتە هێمایەک بۆ بەردەوامبوونی ژیان و زاڵبوون بەسەر تەحەددیاتەکاندا، ئەمەش لە رێگەی تەکنیک و تێکەڵکردنی رەنگەکانەوە رەنگدانەوەی هەبووە."

دارا ئارام گوتیشی، "من بە شێوازی ئەبستراکت کار دەکەم و تابلۆکانم پابەند نین بە کێشانی دیمەنی راستەقینەی درەخت یان چیاکان بە شێوازی کلاسیک، بەڵکو من بەکارهێنانی فڵچە و هێڵە ئازادەکانم کردووەتە ئامرازێک بۆ دەربڕینی هەستی ناوەکی. لە تابلۆکانم دا تێکەڵبوونی چینەکانی رەنگ و دروستبوونی جۆرێک لە "تێکستچەر" یان زبری لەسەر رووی تابلۆکان، هەستێکی قووڵ و مۆدێرن بە بینەر دەبەخشێت."

ئەو شێوەکارە باس لە شێوازی تابلۆکانی دەکات و دەڵێت، "لە چەندین تابلۆی پێشانگەکەدا، رەنگی پرتەقاڵیی توند، سوور و زەرد باڵادەستن. ئەم رەنگانە گوزارشت لە وزە، گەشبینی و تیشکی خۆر دەکەن کە بە تەواوی لەگەڵ چەمکی "ئومێد"دا دەگونجێن. هەروەها لە بەشێکی دیکەی تابلۆکاندا، رەنگی شینی ئاسمانی، سەوزی سروشتی و سپی دەبینرێن. ئەم بەشەیان ناوەڕۆکەکەی دەچێتەوە سەر دۆخی ئارامیی سروشت، وەک رەنگدانەوەی ئاو یان ئاسمانێکی رووناک."

 دارا ئارام ئاماژەی بەوەش دا، "پێشانگەکە تەنیا یەک جۆر قەبارە لەخۆ ناگرێت. تابلۆ چوارگۆشە گەورەکان وەک چەقی سەرنج لە پێشانگەکەدا دانراون، لە کاتێکدا تابلۆ ستوونی و بچووکترەکان بە دوای یەکدا ریزکراون، ئەمەش وای کردووە گەشتکردن بە نێو تابلۆکاندا بۆ بینەر جۆراوجۆر و سەرنجڕاکێش بێت."

پێشانگەی شێوەکاری "سروشتی هیوا بەخش"، رۆژی یەکشەممە، 21ی حوزەیرانی 2026، لە شاری پۆرت پێری، لە پارێزگای ئۆنتاریۆ، لە وڵاتی کەنەدا کرایەوە و ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت.

دارا ئارام، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، لەساڵی 1963 لە سلێمانی لەدایک بووە. ساڵی 1985 پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی  1991 کۆلێژی هونەری لە کەنەدا تەواوکردووە. ساڵی 1988 یەکەمین پیشانگەی تایبەتی رۆشنبیری روسی لەشاری دیمەشق کردۆتەوە. ناوبراو بەشداری زیاتر لە 40 پێشانگەی هاوبەشدا کردووە لە سلێمانی، تۆرنتۆ، تۆکیۆ، کۆپنهاگن، ستۆکهۆڵم، ئەمستردام. هەروەها خاوەنی خەڵاتی پێشبڕکێی ساڵانەی هونەرمەندانە لە کەنەدا.