ناسح عەلی خەڵاتی باشترین فۆتۆستۆری لە قامشلۆ بەدەستهێنا

لە فێستیڤاڵی فۆتۆی قامشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان، ناسح  عەلی، فۆتۆگرافەری کورد، توانی بە فۆتۆستۆری "رووبەڕووبوونەوەی مەرگ لەپێناو بژێوی ژیان"، خەڵاتی باشترین فۆتۆستۆری بەدەست بهێنێت و دەڵێت، "بە بەشداری 38 فۆتۆگرافەر لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و نمایشکردنی 105 تابلۆ، توانیم خەڵاتی باشترین فۆتۆستۆری بەدەستبهێنم. 

ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2026، ناسح عەلی، فۆتۆگرافەری کورد بە کوردستان24ـی گوت، "جێگەی خۆشحاڵییە کە شاری قامشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان بووە ناوەندی یەکگرتنی وێنەگرانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە فێستیڤاڵێکی تایبەت بە فۆتۆ و فۆتۆستۆری؛ چالاکییەک کە هونەر تەنیا وەک جوانکاری نەبینرا، بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ پاراستنی بیرەوەری، تۆمارکردنی راستییە کۆمەڵایەتییەکان و گێڕانەوەی چیرۆکی مرۆڤەکان خراوەتە بەردەم بینەران."

ناسح عەلی گوتیشی، "فێستیڤاڵەکە بە بەشداری 38 فۆتۆگرافەر لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و نمایشکردنی 105 تابلۆ، بۆ ماوەیەک قامشلۆی کردبوو بە شوێنی گفتوگۆی هونەری و مرۆیی، لە هەر گۆشەیەکی پێشانگەکەدا وێنەکان تەنیا بۆ بینین نەبوون، بەڵکو بانگەوازێک بوون بۆ خوێندنەوەی ژیان، هەستکردن بە ئازار و تێگەیشتن لە چیرۆکەکانی پشت هەر وێنەیەک. هەروەها لە ناو ئەو کارانەدا، بەشداریکردنی من بە دوو فۆتۆستۆری سەرەکی و چەند کارێکی کولتووری جێگەی سەرنجی تایبەت بوو، چونکە هەوڵمدا وێنە لە سنووری تۆمارکردن دەربکەم و بیکەمە گێڕەرەوەی ژیان."

ئەو فۆتۆگرافەرە باس لە گرنگی فۆتۆستۆرییەکانی خۆی دەکات و دەڵێت، فۆتۆستۆری "رووبەڕووبوونەوەی مەرگ لەپێناو بژێوی ژیان"، یەکێک بوو لەو کارانەم سەرنجی زۆری بینەرانی بۆخۆی راکێشا، ئەم چیرۆکە وێنەییە بە شێوەیەکی نزیک و مرۆیی لە ژیانی کۆڵبەران دەڕوانێت؛ ئەو مرۆڤانەی کە هەر رۆژێک بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان، رێگەی مەترسیدار و سنوورە سەختەکان دەبڕن. هەروەها ناوەڕۆکی کارەکەم لەسەر رووداوێکی تاک یان دیمەنێکی دڵتەزێن وەستانەوە ناکات، بەڵکو کۆی ئەو هەستە دەگوازمەوە کە مرۆڤ چۆن دەگاتە ئەو ئاستەی کە هەڵبژاردەی نێوان ژیان و مەترسی بۆی دەبێتە شتێکی رۆژانە."

ناسح عەلی ئاماژەی بەوەش دا، هەروەها فۆتۆستۆری "دێوانەکەی کفری"، هەوڵێکی تر بوو بۆ نزیکبوونەوە لە مرۆڤ لە دەرەوەی قەبارە باوەکان. ئەم کارە بە شێوەیەکی هێمن و قوڵ، تەنیا باس لە تاکێک ناکات، بەڵکو گفتوگۆیە لەگەڵ ئەو تێگەیشتنە کۆمەڵایەتییانەی کە زوو مرۆڤ دەخەنە ناو ناونیشان و پۆلێنەوە. وێنەکان بینەر بۆ بیرکردنەوە بانگ دەکەن کە ئایا ئەوەی ئێمە بە نامۆ دەناسین، راستییەکەی خۆیەتی یان ئەو وێنەیەیە کە کۆمەڵگە دروستی کردووە.

دەربارەی وێنە کولتوورییەکانی دیکەی فێستیڤاڵەکە، ناسح عەلی دەڵێت، "هەروەها چەند وێنەیەکی کولتووریشم نمایش کرد، کە رەنگ و رووی ژیانی کوردی، ناسنامە، رەوشتی رۆژانە و پەیوەندی مرۆڤ بە شوێن و مێژوو پیشان دەدا. ئەم بەشە نیشانی دەدا کە وێنە تەنیا بۆ تۆمارکردنی قەیران نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی جوانی، بیرەوەری و هەستی هاوبەشیش هەیە. هەروەها، ئەلبومی "قارەمانەکەی عایشە"، بە شێوەیەکی تایبەت سەرنجی بینەرانی بۆ خۆی راکێشا. ئەو چیرۆکە بە زمانی وێنە باس لە وەفاداری و بەردەوامی دەکات کە چۆن چیرۆکی یەک مرۆڤ دەتوانێت ببێتە ئاوێنەی بەها و بیرکردنەوەی تەواوی کۆمەڵگە."

لەلایەن کۆمەڵەی وێنەگرانی رۆژئاواوە، فێستیڤاڵی فۆتۆی قامشلۆ، بە بەشداری 38 فۆتۆگرافەر لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و نمایشکردنی 105 تابلۆ، لە 20ی حوزەیرانی 2026، لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو.

ناسح عەلی، فۆتۆگرافەری کورد، لەساڵی 1982 لە سلێمانی لەدایکبووە. نزیکەی 30 ساڵە کاری فۆتۆگرافی دەکات و خاوەنی چەندین خەڵاتی نیودەوڵەتی و ناوخۆییە لەبواری فۆتۆدا.