رێکخەری سەنتەری میترۆ: بێدەنگیی رۆژنامەنووسان و سەندیکا لە ئاست سوکایەتییەکان جێی داخە
رێکخەری سەنتەری میترۆ لە بەرامبەر قسەکانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، کە بە یەکێک لە رۆژنامەنووسەکانی شاری سلێمانی گوت:" حوشتر". دەڵێت:" لە راستیدا ئەمە شێوازی ئاخاووتنی بێت لەگەڵ دەرەوەی خۆی، دەبێت لەگەڵ هەڤاڵەکانی چۆن قسە بکات؟ بە تایبەتیش کە توڕە دەبێت."
ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2026، رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، "سوکایەتییەکەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرامبەر رۆژنامەنووسان شەرمەزارکەرە، بێدەنگی هاوکارەکانیشی کە لە بەردەمیدا بوون، شەرمەزارییەکی دیکەیە".
رێکخەری سەنتەری میترۆ رایگەیاندووە، چاوەڕوانیی ئەوەبووین لەناو یەکێتییەوە دەنگێک بەرز بێتەوە، یان دامەزراوەیەکیان داوای لێبووردن بکات، "بەڵام بێدەنگراوان بێدەنگ کراون".
هەروەها باسی لەوە کردەوە، "لە راستیدا ئەمە شێوازی ئاخاووتنی بێت لەگەڵ دەرەوەی خۆی، دەبێت لەگەڵ هەڤاڵەکانی چۆن قسە بکات؟ بە تایبەتیش کە توڕە دەبێت."
رێکخەری سەنتەری میترۆ دەشڵێت: "ئەگەر بەرپرسی لقی چواری پارتی ئاری هەرسین، ئەو سوکایەتییەی بە رۆژنامەنوسێکی یەکێتی بکردایە چی رووی دەدا، هەمان بێدەنگی هەمان هەڵویست و دێزەبەدەرخونە دەبوو؟"
رێکخەرەکە داوا لە رۆژنامەنووسان دەکات، هاوپشتی یەکتربن و جەخت لەوە دەکاتەوە، "هاوپشتیی نێوان رۆژنامەنووسان گرنگە ، دەبێت بێ ترس لەسەر دیاردەی سوکایەتیکردن بە رۆژنامەنووسان و پیشەکەیان قسە بکەن".
هەروەها باسی لەوە کرد، "ئەو بێدەنگییەی هاوکارانی ئەو رۆژنامەنووسە و لقی سلێمانی سەندیکا رۆژنامەنووسانی یەکێتیش، سامناک و خەمناکە، بۆ گەیشتن بەو ئاستە لە هاوپشتیکردنی یەکدی؟ کە بەرگریت لە خۆت پێ نەکرێ چۆن دەتوانی بەرگری لە بەرژەوەندیی گشتیی بکەیت".
رێکخەری سەنتەری میترۆ، لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا بۆ رۆژنامەنووسانی گوتووە" بنووسە، مەترسە، ئەمە سوکایەتی بوو بە سەندیکا و ئەندامانی، بە هەموو رۆژنامەنووسێک کە رێز لە پیشەکەی دەگرێ".