بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی شەکری خوێن؛ کەی شیرینی بخورێت؟
راپۆرتە تەندروستییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە دیاریکردنی کاتێکی گونجاو بۆ خواردنی شیرینی، دەبێتە هۆی پاراستنی هاوسەنگیی شەکری خوێن و رێگری لە بەرزبوونەوەی کتوپڕی دەکات، ئەمەش رێگە بە تووشبووانی شەکرە دەدات بە شێوازێکی تەندروست چێژ لە خواردنی شیرینی وەربگرن.
سێشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2026، ماڵپەڕی تەندروستیی "ڤێری وێێڵ هێڵس"، لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، نیوەی یەکەمی رۆژ بە باشترین کات دادەنرێت بۆ خواردنی شیرینی بە مەبەستی خۆپاراستن لە بەرزبوونەوەی شەکری خوێن.
هەروەها توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن، کە خواردنی شیرینی لە کاتەکانی بەیانی یان دوای نیوەڕۆدا یارمەتی باشتر کۆنترۆڵکردنی شەکری خوێن دەدات.
لە ئەنجامی توێژینەوەیەکی زانستییدا هاتووە، ئەو ئافرەتانەی کە کاتژمێر 7:30ـی ئێوارە و دوای خواردنی ژەمی شێوان پارچەیەک کێکیان خواردووە، ئاستی شەکری خوێنیان بە شێوەیەکی زۆر بەرزتر تۆمارکراوە بە بەراورد بەو ئافرەتانەی کە هەمان پارچە کێکیان دوای ژەمی نیوەڕۆ خواردووە.
هەر بە پێی ئەنجامی توێژینەوەکە، ئەو ئافرەتانەی لە دوای ژەمی شێوانەوە شیرینییان خواردووە، لە بەیانی رۆژی دواتردا تووشی بەرزیی ئاستی شەکری خوێن بوونەتەوە.
بەرپرسانی تەندروستی هۆکاری ئەم دیاردەیە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە هەستیاریی جەستە بۆ هۆرمۆنی ئەنسۆلین لە کاتەکانی بەیانیدا لە بەرزترین ئاستدایە و بە تێپەڕبوونی کات بەرەو ئێوارە کەم دەبێتەوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە خانەکانی جەستە لە کاتەکانی بەیانی و دوای نیوەڕۆدا باشتر وەڵامی ئەنسۆلین دەدەنەوە، کە ئەمەش یارمەتی رێکخستنی شەکری خوێن دەدات بە شێوازێکی کارامەتر. لە هەندێک حاڵەتیشدا، خواردنی خۆراک لە کاتە درەنگەکانی شەودا بەستراوەتەوە بە زیادبوونی کێش و بەرزبوونەوەی بەردەوامی شەکری خوێنەوە.
لە لایەکی دیکەوە، پسپۆرانی بواری تەندروستی دەڵێن: خواردنی شیرینی بە گەدەی خاڵی بە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی شەکری خوێن دادەنرێت کە دواتر بە خێرایی دادەبەزێتەوە. شیرینییەکان بە شێوەیەکی گشتی کاربۆهیدراتی سادەیان تێدایە، کە جۆرێکە لە شەکر و بە خێرایی لە کۆئەندامی هەرسدا هەرس دەکرێت و دەمژرێتە ناو ڕێڕەوی خوێنەوە. لە غیابی توخمە خۆراکییەکانی دیکەدا کە پڕۆسەی هەرس و مژین خاو دەکەنەوە، شەکری خوێن بە خێرایی بەرز دەبێتەوە.
بۆیە پسپۆڕان رێنمایی دەکەن کە شیرینییەکان لە چوارچێوەی ژەمێکی هاوسەنگ یان لەگەڵ سووکەژەمێکی تەواوکارییدا بخورێن بۆ یارمەتیدانی کەمکردنەوەی بەرزبوونەوەی شەکر. زانراوە کە ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ریشاڵی خۆراکی و پرۆتین، پڕۆسەی هەرسکردن و مژینی شەکر خاو دەکەنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی جێگیربوونی ئاستی شەکری خوێن.
پزیشکان رێنمایی دەدەن بە زیادکردنی میوە بۆ ناو شیرینییەکان بە مەبەستی خاوکردنەوەی پڕۆسەی هەرس و تێرکردنی ئارەزووی خواردنی شەکر بەبێ بەرزبوونەوەی توندی شەکری خوێن. هەروەها ئەو شیرینیانەی کە پرۆتینیان تێدایە یارمەتیدەرن لە رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی شەکری خوێن؛ چونکە پڕۆتین جگە لە خاوکردنەوەی هەرس، کاریگەریی لەسەر دەردانی هۆرمۆنەکانی ئەنسۆلین و گلوکاگۆن هەیە کە دوو هۆرمۆنی سەرەکین بۆ پاراستنی هاوسەنگیی شەکری خوێن.