ئێران و عومان لەسەر بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز و باجی کەشتیوانی رێککەوتن
لە میانی سەردانی شاندێکی باڵای ئێران بۆ مەسقەت، عومان و ئێران لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا پشتگیریی خۆیان بۆ تێگەیشتنی ئیسلام ئابادی نێوان واشنتن و تاران دەربڕی و رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی تیمێکی کاری هاوبەش بۆ دیاریکردنی شێوازی بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز و دیاریکردنی ئەو باج و تێچووانەی دەخرێنە سەر کەشتیوانیی نێودەوڵەتی.
سێشەممە 23ـی حوزەیرانی 2026 عومان و ئێران راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردووەتەوە و تێیدا پشتگیریی خۆیان بۆ لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران ناسراو بە "تێگەیشتنی ئیسلام ئاباد" دەربڕی و رێککەوتن لەسەر دامەزراندنی تیمێکی کاری هاوبەش بۆ دیاریکردنی شێوازی بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز و تێچووەکانی کەشتیوانی.
ئەم رێککەوتنە لە میانی سەردانی شاندێکی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتی محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە بۆ مەسقەت هات، کە تێیدا لەگەڵ سوڵتان هیسەم بن تاریق و وەزیری دەرەوەی عومان کۆبوونەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکەدا، هەردوو وڵات جەختیان لە گرنگیی بەردەوامی گفتوگۆ و هەماهەنگی کردووەتەوە بۆ جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی رێککەوتنەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران. یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکان، رێککەوتنە لەسەر بەردەوامبوونی کارکردن لە رێگەی تیمێکی هاوبەش لە نێوان هەردوو وەزارەتی دەرەوە، بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی کەشتیوانی، دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و دیاریکردنی ئەو تێچوو و باجانەی کە لە گەرووی هورمزدا دەخرێنە سەر کەشتییەکان.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، گەرووی هورمز وەک رێڕەوێکی ئاویی ئارام و کراوە بۆ کەشتیوانی نێودەوڵەتی دەمێنێتەوە، بە مەرجێک رێز لە سەروەریی تەواوی هەردوو دەوڵەتی سەر گەرووەکە بگیریت. هەروەها هەردوولا ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ وڵاتانی دیکە کەناراوەکانی ناوچەکە و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و ئاسایشی دەریایی.