روبیۆ: گەرووی هورمز رێڕەوێکی نێودەوڵەتییە نابێت باجی تێدا وەربگرێت

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جەختی کردەوە کە گەرووی هورمز رێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتییە و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان هیچ وڵاتێک مافی نییە باج یان تێچووی تێپەڕین لە کەشتییەکان وەربگرێت.

سێشەممە 23ی حوزەیرانی 2026، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کرد، ئازادی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا مافێکی پارێزراوە و وڵاتانی ناوچەکەش لەسەر ئەم بنەمایە کۆکن. گوتیشی: "ئەمە یاسایە و هەموو وڵاتان دەبێت رێزی لێ بگرن".

سەبارەت بە لێکتێگەیشتنەکانیان لەگەڵ ئێران، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوە کرد، هەر جۆرە رێککەوتنێک بۆ وەستاندنی دوژمنکارییەکان لە ناوچەکەدا، بەستراوەتەوە بە راگرتنی چالاکییە بریکارەکانی ئێران لە عێراق و لوبنان و ئەو هێرشە مووشەکی و درۆنانەی ئەنجامی دەدەن.

روبیۆ سەرنجی خستە سەر دۆخی لوبنانیش و گوتی: "لوبنان وڵاتێکی خاوەن سەروەرییە و ئێمە راستەوخۆ لەگەڵ حکوومەتەکەیان کار دەکەین. پرسی حزبوڵڵا و پشتگیرییەکانی ئێران بۆ ئەو گرووپە یەکێک دەبێت لەو بابەتانەی کە لەگەڵ ئێرانییەکاندا تاوتوێی دەکەین".

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە داهاتووی ئێران کرد و گوتی: ئەگەر سەرکردایەتی ئێران بڕیار بدات ببێتە "دەوڵەت" لە جیاتی "بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی کە تیرۆر هەناردە دەکات"، ئەوا دەرفەتی گەورەی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی بۆ دەڕەخسێت، هاوشێوەی وڵاتانی تری ناوچەکە کە سوودیان لە وەبەرهێنانی بیانی بینیوە.