ترەمپ بۆ ئەنجوومەنی پیران: بڕیارەکەتان لە بەرژەوەندیی دوژمنە

دۆناڵد ترەمپ هێرش دەکاتە سەر ئەنجوومەنی پیران و رایدەگەیەنێت، بڕیاری سنووردارکردنی دەسەڵاتە سەربازییەکانی بەرامبەر تاران، خزمەتکردنە بە "دوژمن".

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێرشی تووندی کردە سەر ئەنجوومەنی پیران و چەند ئەندامێکی ئەو ئەنجوومەنەی تۆمەتبار کرد بەوەی پێگەی ئیدارەکەیان بەرامبەر تاران لاواز کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەنجوومەنەکە دەنگی بە بڕیارێک دا بۆ کۆتاییهێنان بە جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەمریکا دژ بە ئێران.

ترەمپ لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" رایگەیاند، ئێران لە دۆخێکی زۆر هەستیاردایە و لە لێواری رووخاندایە و ئامادەیە هەموو شتێک پێشکەش بکات، گوتیشی: "ئێران رێزێکی زۆر بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان و سەرۆکەکەی نیشان دەدات".

سەرۆکی ئەمریکا دەنگدانی ئەنجوومەنی پیرانی لەسەر یاسای "دەسەڵاتەکانی جەنگ" بە کاتێکی خراپ و بێسوود وەسف کرد و رایگەیاند، ئەم بڕیارە ئەو پەیامەی بە ئێران دا کە ئەمریکا پشتگیری لە سیاسەتەکانی ئەو ناکات، ئەمەشی بە "پێشکەشکردنی هاوکاری و پشتیوانی بۆ دوژمن" لەقەڵەم دا.

هەروەها رەخنەی لە چوار ئەندامی کۆماری گرت کە لەگەڵ دیموکراتەکان دەنگیان داوە و ئاماژەی بەوە کرد، هەڵوێستەکەی ئەوان ئەرکەکەی قورس کردووە، بەڵام جەختی کردەوە کە "بە هەر شێوەیەک بێت، کارەکەی ئەنجام دەدات".

رۆژی سێشەممە، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بە زۆرینەی 50 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 48 دەنگی نەخێر، بڕیارێکی بۆ کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئێران پەسەند کرد، دوای ئەوەی پێشتر لە ئەنجوومەنی نوێنەرانیش دەنگی لەسەر درابوو.

هەرچەندە بڕیارەکە پابەندیی یاسایی نییە، بەڵام وەک یەکەم هەڵوێستی کۆنگرێس لەبارەی دەسەڵاتەکانی جەنگ پەیوەست بە ململانێی ئێران دادەنرێت و رەنگدانەوەی زیادبوونی نیگەرانییەکانی نێو دامەزراوەی یاسادانانە، لەوانەش لەنێو هەندێک لە کۆمارییەکان، سەبارەت بە بەردەوامیی تێوەگلانی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.