گەرووی هورمز تاران و بەغدا و وڵاتانی کەنداو کۆدەکاتەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە مەسقەتی پایتەختی عومان، پرسی ئەنجامدانی گفتوگۆی نێوان ئێران، وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو و عێراقی سەبارەت بە "گەرووی هورمز" تاوتوێ کردووە.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە بۆ ئاژانسەکە دواوە، ئەم گفتوگۆیانەی نێوان ئێران و وڵاتانی ناوچەکە سەبارەت بە گەرووی هورمز، ئاراستەیەکی سەربەخۆیان هەیە و جیاوازن لەو دانوستانانەی کە لە نێوان تاران و واشنتندا بەڕێوەدەچن.
لەلایەکی دیکەوە، تەلەفزیۆنی فەرمی عومان رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی قەتەر و سوڵتانی عومان، بە چڕی باسیان لە دۆسیەی نێوەندگیری نێوان واشنتن و تاران کردووە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.
ئەم جووڵە دیپلۆماسییانە لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممەی رابردوو نێوەندگیرەکان کۆتاییهاتنی گەڕی یەکەمی دانوستانی نێوان بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئێرانیان لە سویسرا راگەیاند، لەو کۆبوونەوانەدا هەردوولا گەیشتوونەتە "نەخشەڕێگەیەک" بە مەبەستی واژۆکردنی رێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی 60 رۆژدا، بڕیاریشە لە رۆژانی داهاتوودا گفتوگۆ تەکنیکییەکان بۆ ئەو مەبەستە بەردەوام بن.