روبیۆ: کردنەوەی گەرووی هورمز واتە هاتوچۆی ئازاد و بێ باج بۆ هەمووان

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە شاری کوەیت رایگەیاند کە واشنتن لە هەوڵدایە بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی حکومەتی لوبنان و گەرەنتی کردنی ئازادی هاتوچۆ لە رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکاندا. ناوبراو جەختی کردەوە کە هیچ رێککەوتنێک ئاسایشی هاوپەیمانە مێژووییەکانی ئەمریکا ناخاتە مەترسییەوە.

چوارشەممە 24ی حوزەیرانی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە میانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا سەرنجی خستە سەر دۆخی لوبنان و رایگەیاند: "هەرچەندە سوپای لوبنان بتوانێت ناوچەکانی باشوور بپارێزێت، کۆنترۆڵی حزبوڵڵا کەمدەبێتەوە و بەوەش پاساوی ئیسرائیل بۆ مانەوە لە لوبنان نامێنێت." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان بە نێوەندگیری ئەمریکا لەگەڵ حکوومەتی لوبنان لە گفتوگۆدان بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام.

سەبارەت بە پرسی گەرووی هورمز و رێڕەوە ئاوییەکان، روبیۆ بە توندی دژی هەر هەوڵێک وەستایەوە کە باج یان تێچوو بخاتە سەر کەشتییەکان و گوتی: "کردنەوەی گەرووەکان واتە هاتوچۆی ئازاد و بێ تێچوو بۆ هەمووان، جیهان و وڵاتانی کەنداو پاڵپشتی ئەم هەڵوێستە دەکەن."

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن ئیسرائیل دەیەوێت یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئێران شکست پێبهێنێت و ئاماژەی دا، "ئێمە و ئیسرائیل و هەموو هاوپەیمانەکانمان تێدەگەین کە هێڵە سوورەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چیین و لەسەر هەمان هێڵ کار دەکەین."

روبیۆ باسی لە قەیرانی سوودان کرد و جەختی کردەوە کە ئەمریکا لەگەڵ سعوودیە و لایەنەکان کار دەکات بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و دابینکردنی رێڕەوی مرۆیی بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بە لێقەوماوانی ئەو وڵاتە.