لەسەر سووکایەتیکردن بە شێخ سەعیدی پیران؛ ئومیت ئۆزداغ سزا درا
دادگای تورکیا بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە یادەوەرییەکانی شێخ سەعیدی پیران"، بڕیاری سزادانی بەسەر ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زەفەردا سەپاند و لە کاتی راگەیاندنی بڕیارەکەشدا لەنێو بینای دادگا گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2026، دادگای تاوانەکانی "خنوس" لە پارێزگای ئەرزەڕوم، لەبارەی دۆسیەی سووکایەتیکردن بە شێخ سەعیدی پیران لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، بڕیاری کۆتایی لەسەر ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زەفەر دا و بە بڕی 8 هەزار و 700 لیرەی تورکی سزای دا، بەڵام دادگا بڕیاری "دواخستنی جێبەجێکردنی حوکمەکە"ی دەرکرد.
دوای راگەیاندنی بڕیارەکە، لەنێو هۆڵ و ڕێڕەوەکانی دادگادا گرژی لەنێوان لایەنگرانی ئۆزداغ و کۆمەڵێک کەس دروستبوو کە دەگوترێت کەسوکاری شێخ سەعیدن؛ ئەو گروپە بە دروشمی "ئومیتی فاشیست" ناڕەزایەتییان دژی سەرۆکی پارتی زەفەر دەربڕی.
لای خۆیەوە ئومیت ئۆزداغ لەبەردەم بینای دادگا رایگەیاند، کە ئەوان تانە لە بڕیارەکە دەدەن و دۆسیەکە دەبەنە دادگای تێهەڵچوونەوە. ئۆزداغ گوتیشی "ئەمە سزا نییە بۆ من، بەڵکو سزایە بۆ دەوڵەتی کۆماری تورکیا. ئێمە لەسەر هەڵوێستی خۆمان بەرامبەر بەو ڕاپەڕینەی دژی کۆمار کرا بەردەوام دەبین."
سەرۆکی پارتی زەفەر جەختیشی کردەوە، کە ئەو بڕیارەی دادگا قبوڵکراو نییە، چونکە بە گوتەی ئەو "دادگا وای داناوە کە شێخ سەعید خاوەنی یادەوەرییەکە شایەنی ڕێزگرتن بێت، بەڵام ئێمە ئەمە قبوڵ ناکەین و شێخ سەعید لەو شوێنە مێژووییەدا دەبینین کە خۆی تێیدایە."
ئەم بڕیارەی دادگا دوای ئەوە دێت، کە پێشتر ئومیت ئۆزداغ لە ڕێگەی بڵاوکراوەیەکەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هێرشی کردبووە سەر کەسایەتی و مێژووی شێخ سەعیدی پیران، ئەمەش کاردانەوەی زۆری لە باکووری کوردستان و ناوخۆی تورکیا بەدوای خۆیدا هێنابوو.
شیخ سەعید ساڵی 1865 لە ناوچەی پاڵوو لەدایكبووە. یەكێكە لە شێخە بەرزەكانی نەقشبەندی. لە پاش مردنی باپیرەی شێخ عەلی، باوكی ناوچەی پاڵووی بەجێ ھێشتووە و رووی كردۆتە شاری خنیس. شێخ سەعید خوێندنی دینی لەو شارە تەواو كردوە، پایە و ڕیزی كۆمەڵایەتی شێخ و زیرەكی و لێھاتوویی و دەوڵەمەندی بۆتە ھوی سەرەكی بۆ ئەوەی كۆمەڵەی سەرخۆبوون پەیوەندییەكی ڕاستەو خۆ و پتەو بە شێخ سەعیدەوە بكات.
لە زستانی 1923 تا 1924 سەرۆك ھوزەكان و ئەندامە چالاكەكانی كۆمەڵەی سەرخۆبوون كۆبونەوەی فراوانیان لە ناوچەی پاڵوو بەست كە تیایدا باس لە فراوانكردن و خۆسازدان بوو بۆ چالاكی كردن لە پێناو بزوتنەوەی نھینی و خۆ ئامادەكردن بۆ ڕاپەڕینی نۆی بۆ سەربەخۆیی كوردستان.
لە ساڵی 1925 دوای سەرکۆتکردنی شۆڕشەکەی شێخ سەعید و هاوڕێکانی لە دیاربەکر لە سێدارەدران.