بێسێنت: هیچ نەوتێکی ئێران نەگەیشتووەتە چین
وەزیری گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن بە تەواوی ئابووریی ئێران دەخنکێنێت و رێگری لە هەر جووڵەیەکی نەوتی ئەو وڵاتە دەکات، هاوکات پێشبینی کرد لە دوای کۆتاییهاتنی قەیرانی ئێران نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە توندی داببەزێت.
هەینی 4ـی ئەیلوولی 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە بەرنامەی "وار رووم" لەبارەی هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی ئێران گوتی: "دەمەوێت ئەم دۆخە کۆتایی پێبێت. 47 ساڵە ئەم دەسەڵاتە هەیە و ئیتر جیهان لێیان بێزار بووە. گەلی ئێران خەڵکێکی مەزنن بەڵام ئەم ئەمانە تێکیان داوە؛ یاخود دەبێت دەسەڵاتەکە لە ناوخۆوە بگۆڕدرێت یان خەڵکەکە دێنە دەست، یاخود دەبینین چی ڕوودەدات.
گوتیشی: ئەوەی دەیکەین ئەوەیە کە بە تەواوی لە رووی ئابوورییەوە دەیانخنکێنین. ئەوان نەوتیان بەرەو چین ناردووە، چاوەڕێ بکەن لە رۆژی سێشەممەوە لەسەر ئەو بابەتە کاردانەوە و هەنگاوی کرداری دەبینن، ئێمە دەگەینە دۆخێک کە ئەوان هیچ شتێکیان بۆ نایەتە ژوورەوە و هیچ شتێکیش ناتوانن ببەنە دەرەوە.
سەبارەت بە داهاتووی بازاڕی نەوت و لێکەوتەکانی جەنگ، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی دا، "ئێمە ئەم قۆناخەی ململانێ لەگەڵ ئێران تێدەپەڕێنین و من بە تەواوی چاوەڕوانم نرخی نەوت داببەزێت. لە راستیدا پێموایە لە دوای ئەم قەیرانە، لە بازاڕەکانی جیهاندا نەوتێکی زۆر لە پێداویستی زیاتر دەخرێتەڕوو، تەنانەت دەکرێت ببینین نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو بگاتە 50 یان 40 دۆلاریش تەنیا لەبەر ئەوەی بەرهەمهێنانێکی زۆر دەخرێتە گەڕ."
بێسێنت لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە بەهێزیی ئابووریی ئەمریکا کرد و گوتی: " نامەوێت لەسەر گۆڕی کەس سەما بکەم، بەڵام با ئامارەکانی هەلی کاری کەنەدا لەگەڵ ئەمریکا بەراورد بکەین؛ کەنەدا زیاتر لە 40 هەزار هەلی کاری لەدەستداوە، لە کاتێکدا ئێمە لە ئەمریکا ئامارێکی بێوێنە و تەقینەوەمان لە رەخساندنی هەلی کاردا تۆمار کردووە. پەیامی ئێمە لە کۆبوونەوەی G20 ئەوە بوو: 'وەرن لەگەڵ ئێمە گەشە بکەن.' چ ئەوروپا بێت بەو رێکارە یاسایییە خنکێنەرانەی کە هەیەتی، یان ئەو وڵاتانەی دیکە کە وەک کۆیلە بوونەتە قوربانیی پرسی کەشوهەوا لەسەر حیسابی تەندروستیی ئابووریی هاووڵاتییانیان."
هاوکات بێسێنت، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، هۆشداری توندی ئاراستەی دامەزراوە دارایییە نێودەوڵەتییەکان کرد و رایگەیاند: "دامەزراوە دارایییەکان بە رێگەیەکی سەخت و بە ئازار تێدەگەن کە ئێمە تا چەند لە جێبەجێکردنی 'ئۆپەراسیۆنی پەراوێزخستنی ئابووری'دا رژد و پێداگرین.
ئامژەشی داوە، هەرچەندە هیوادارین پێویست نەکات سزای سەر بانکی زیاتر بسەپێندرێت، بەڵام ئەم بابەتە لە کۆتاییدا بەندە بەوەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە چ خێرایییەک دێتەوە هۆش خۆی و دەستبەرداری هاوکاریکردنی ئێران دەبێت."
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە درێژەی هۆشدارییەکەیدا بۆ ئەو بانک و لایەنانەی کە ئاسانکاری بۆ مامەڵە دارایییەکانی تاران دەکەن گوتی: "ئێمە باش دەزانین ئێوە کێن و دەشزانین لە کوێن؛ لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری رێکاری توند و بێوچان، تا ئەو کاتەی سەری ماری ئێرانی بە تەواوی دەنێژین."
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی دیکەدا سەرنجی خستە سەر کاریگەریی گەمارۆ دەریایییەکان و رایگەیاند: "لەو کاتەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەمارۆکانی سەپاندووەتەوە، هیچ کەشتییەکی هەڵگری نەوتی خاوی ئێران بە سەرکەوتوویی بە گەرووی هورمزدا بەرەو وڵاتی چین تێنەپەڕیوە؛ ئاماژەشی دا، ئێستا نەوتێکی زۆر لەناو ئەو کەشتییانەدا کەڵەکە بووە کە لە ناو گەرووەکەدا گەمارۆ دراون و گیریانواردووە، توانای کۆگاکردنیش نەماوە و ناتوانرێت سووتەمەنیی زیاتر لە کۆگاکاندا جێگیر بکرێت."
بێسێنت لە درێژەی پەیامەکەیدا لەبارەی داڕمانی ئابووریی تاران گوتی: "شادەماری هەناردەکردنی ئێران بە تەواوی دەپچڕێنرێت؛ نەوتەکەیان پەکی کەوتووە و لە شوێنی خۆی ماوەتەوە، کۆگاکانیان توانای لەخۆگرتنی نەوتی نوێیان نەماوە، و سەرچاوەی داهاتەکانیشیان بە خێرایییەکی یەکجار زۆر بەرەو کەمبوونەوە و لەناوچوون دەچێت."