یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی موفتی پێشووی رژێمی ئەسەد بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2026، دادگای چوارەمی تاوانەکان لە دیمەشق، یەکەمین دانیشتنی دادگایی کردنی ئەحمەد حەسوون، موفتی پێشووی رژێمی ئەسەددا بەڕێوەبرد. دانیشتنەکە بە ئامادەبوونی حەسەن توبە، داواکاری گشتی و نوێنەرانی چەندین رێکخراوی مافی مرۆڤی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی "سانا"، فەخرەدین عەریان، سەرۆکی دانیشتنەکە، لیستی ئەو تۆمەتانەی خوێندەوە کە ئاراستەی حەسوون کراون، لەوانە:
-قۆستنەوەی پۆستەکەی بۆ بەرژەوەندی کەسی.
-هەبوونی پەیوەندیی فراوان لەگەڵ بەشار ئەسەدی "سەرۆکی هەڵهاتوو"، عەلی مەملووک بەڕێوەبەری هەواڵگری و فەرماندە باڵاکانی سوپا و میلیشیا تائیفییەکان.
-هاندانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەرکوتکردنی نەیارانی ڕژێم و بەکارهێنانی زمانی توندوتیژی دژی مەدەنییەکان لە حەلەب و ئیدلب.
-پشتیوانیکردنی ئاشکرای ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە تاوانی جەنگ، وەک عیسام زەهەردین و قاسم سولەیمانی.
-ڕەوادان بە دەستێوەردانی سەربازیی ڕووسیا و ئێران لە سوریا، کە بووە هۆی کوژرانی سەدان هەزار مەدەنی.
دادوەر عەریان رایگەیاند، کارەکانی تۆمەتبار وەک "بەشدارییەکی سەرەکی لە هاندان و رەوادانی ئایینی و سیاسی" بۆ تاوانەکانی رژێمی ئەسەد دادەنرێت، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم کارانە لە چوارچێوەی تاوانی جەنگ و تاوان دژی مرۆڤایەتی پۆلێن دەکرێن و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەکانی ژنێف، بە تێپەڕبوونی کات کۆن نابن و لێبوردن نایانگرێتەوە.
عومەر رازی، نوێنەری داواکاری گشتی، لە گوتەیەکدا جەختی کردەوە، حەسوون سیمبۆلێکی ئایینی بووە و دەبوو بانگەشە بۆ ئاشتی بکات، بەڵام پۆستەکەی بۆ رەوادان بە خوێنڕشتن بەکارهێناوە.
رازی باسی لەوەشکردووە، حەسوون لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا هەڕەشەی لە وڵاتانی ئەوروپا کردبوو و رایگەیاندبوو، ئەگەر ئەوروپا هێرش بکاتە سەر سووریا، خۆکوژەکان لە ئەوروپا دەست بەکار دەبن، داواکاری گشتی گوتی "تەنیا دوای دوو مانگ لەو هەڕەشەیە، چەندین تەقینەوە لە وڵاتانی ئەوروپا روویان دا، ئەمەش حەسوون دەکاتە بەشێک لە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست.
داواکاری گشتی داوای کردووە حەسوون بە توندترین شێوە سزا بدرێت، چونکە تاوانەکانی لێبوردنی گشتی نایانگرێتەوە. لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، دادگا بڕیاری دا دانیشتنی داهاتوو بۆ 16ـی تەممووزی داهاتوو دوا بخات، بە مەبەستی بیستنی گوتەی شایەتحاڵەکان.
ئەحمەد حەسوون لە ئاداری 2025 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرابوو و خراوەتە زیندان.