نێیمار: سوپاسی خودا دەكەم خەونەكەم بووە راستی
نێیمار داسیلڤا یاریزانی هەڵبژاردەی بەڕازیل، دوای بردنەوەی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر سکۆتلەندا رایگەیاند سوپاسی خوا دەکەم کە ئەو دەرفەتەی پێدام بەشداری مۆندیال بکە، گوتیشی: ئێستا کاتی ئەوەیە هاوکاری هاوڕێیەکانم بکەم بۆ ئەوەی کێبڕکێی لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوەکە بکەین.
لەبەرەبەیانی ئەمڕۆ نێیمار دوای دابڕانێكی زۆر لە مۆندیال سەرلەنوێ درێسی بەرازیلی پۆشییەوە و بەشداریی یارییەكەی كرد، بەرازیل بە 3 گۆڵی بێوەڵام سەركەوتنی تۆمار كرد.
لە دوای یارییەكە، نێیمار گوتی: گەڕانەوە بۆ بەرازیل هەستێکی نایابە و بەڕاستی دڵخۆشم و زۆر ڕازیم، کاتێک فیکەی کۆتایی لێدرا، سەیری خێزانەکەم کرد و تاقیکردنەوەیەکی قورس بوو، ئەوان لە نزیکەوە سەیری منیان دەکرد و ئێمە هەموو ئامانجمان ئەوە بوو لێرە بین لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی. هەموو ئامانجم ئەوە بوو بەشداری مۆندیال بکەم و ناسناوەکە بەدەست بهێنم. بەڕاستی دڵخۆشم، دەمەوێت سوپاسی هەموو ئەو کەسانە بکەم کە پشتگیرییان کردین، دەمەوێت سوپاسی هەموو ئەو کەسانە بکەم کە لە یاریگاکەدا بوون و ئەمڕۆ ناوی منیان دەهێنا. ئەمە هەستێکی تەواو جیاوازە.
نێیمار گوتیشی: پێش ئەوەی بڕۆمە ناو یاریگا کۆمەڵێک یادگاری بە بەردەم چاوەکانمدا تێپەڕین، بەڵام من تەنها بۆ ئەوساتە سوپاسی خوام کرد و بۆ ئەوەی کە توانیم دووبارە بە درێسی هەڵبژاردەکەم ئەزموونێکی دیکە تاقی بکەمەوە و بۆ ئەوەی دەرفەتی دیکەی پێدام بەشداری مۆندیالێکی دیکە بکەم. ئێستاش کاتی ئەوەیە بە هەموو توانایەک یارمەتی هاوڕێیەکانم بدەم، بۆ ئەوەی کێبڕکێی لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوی مۆندیال بکەین.
نێیمار تەمەنی 34 ساڵە، لە گواستنەوەی زستانەی 2025 لە یانەی هیلالی سعوودیە گەڕایەوە سانتۆسی بەرازیلی، لەم وەرزە بە هۆی پێكانەوە تەنیا بەشداریی 15 یاری كرد، شەش گۆڵ و چوار ئەسیستی كرد. نێیمار لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل بەشداریی 129 یاری كردووە و 79 گۆڵی تۆمار كردووە.