نەعیم قاسم: رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران شکستە بۆ واشنتن و تەلئەبیب
ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان واشنتن و تاران بە واتای شکستی ستراتیژیی ئەمریکا و ئیسرائیل دێت. نەعیم قاسم جەختی لەوەش کردەوە کە دەبێت ئیسرائیل بەبێ مەرج لە تەواوی خاکەکانی لوبنان بکشێتەوە و هەر جۆرە هەوڵێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیش رەتکردەوە.
نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان لە وتارێکی تەلەڤزیۆنیدا بەبۆنەی یادی عاشوورا رایگەیاند، ئیسرائیل و ئەمریکا هەوڵیاندا جەنگێکی گەورە بەرپا بکەن بە ئامانجی لەناوبردنی حزبوڵڵا، بەڵام گوتی: "توانیمان رێگری لەو دەستدرێژییە بکەین و سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنین، ئێمە پرۆژەی ئیسرائیلی-ئەمریکیمان تێکشکاند و چووینە قۆناخێکی نوێوە."
نەعیم قاسم ستایشی ئێرانی کرد بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی هەفتەی رابردوو لەگەڵ ئەمریکا و بە "راگەیاندنی فەرمیی شکستی ئەمریکا و ئیسرائیل" وەسفی کرد. ئەم لێدوانانە دوای هەفتەیەک لە گرژیی توندی ناوچەیی دێن کە رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی راستی لە نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا بەخۆوە بینی. هەفتەی رابردوو واشنتن و تاران یاداشتی لێکتێگەیشتنیان بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان و گفتوگۆ لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران واژۆ کرد.
سەبارەت بە دۆخی سنوورەکان، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسرائیل هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نییە جگە لە کشانەوەی بێ مەرج لە هەموو بستێکی خاکی لوبنان. راشیگەیاند کە حزبوڵڵا هیچ جۆرە ئاساییکردنەوەیەک یان هەڵوەشاندنەوەی دۆخی دوژمنایەتی لەگەڵ ئیسرائیل قبوڵ ناکات و گوتی: "پێویستە ئیسرائیل بە شکستی و سەرشۆڕییەوە بڕوات."
ئەم گوتارەی نەعیم قاسم لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی لوبنان و ئیسرائیل لە واشنتن سەرقاڵی گفتوگۆی راستەوخۆن بۆ تاوتوێکردنی ئاسایشی سنوورەکان و جێبەجێکردنی ئاگربەست دوای مانگێک لە شەڕی سەخت.
دواین خولی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە سەرەتای مانگی ئاداردا سەریهەڵدا، دوای ئەوەی حزبوڵڵا بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر باکووری ئیسرائیل وەک وەڵامێک بۆ هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل کە تێیدا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران کوژرا. لەو کاتەوە ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی لە باشووری لوبنان دەستپێکردووە و تا ئێستاش ناوچەیەکی وەک "پشتێنەی ئەمنی" بە رووبەری سەدان میل لەژێر دەستدایە و هێرشەکانیشی بۆ سەر بەیروت فراوانتر کردووە.