22 دەریاوانە ئێرانییەکە ئازاد کران
22 دەریاوانی ئێرانی کە لەسەر نەوتهەڵگرێک بوون و پێشتر لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە لە رێڕەوە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا دەستگیر کرابوون، گەیشتنە بەندەری کەراچی لە پاکستان. ئەم گەڕانەوەیە دوای زنجیرەیەک هەوڵی چڕی دیپلۆماسیی باڵیۆزخانەی ئێران و ئاسانکاریی حکوومەتی پاکستان دێت بۆ رادەستکردنەوەیان بە کۆماری ئیسلامیی ئێران.
هەینی 26ـی حوزەیرانی 2026،ئاژانسی هەواڵی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، 22 کارمەند و دەریاوانی ئێرانی کە پێشتر لەسەر نەوتهەڵگرێکی لەلایەن ئەمریکاوە دەستگیرکرابوون، لە شاری کەراچی لە باشووری پاکستان رادەستی نوێنەری کونسوڵخانەی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرانەوە.
بەپێی راگەیەندراوی پەیوەندییە گشتییەکانی کونسوڵخانەی ئێران لە کەراچی، ئەم گرووپە 22 کەسییە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی نوێنەرایەتی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان گەیشتوونەتە بەندەری کەراچی. دوای تەواوکردنی رێکارە یاسایی، کارمەندەکان رادەستی لایەنی ئێرانی کران.
بڕیارە ئەم دەریاوانانە دوای مانەوەیان بۆ ماوەی چەند رۆژێک لە شوێنێکی گونجاو و تەواوکردنی مامەڵە کارگێڕییەکان و هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی ویلایەتیی، لە رێگەی ئاسمانی یان وشکانییەوە بگەڕێنەوە بۆ ئێران.
پێشتر، حکوومەتی پاکستان لە هەفتەکانی رابردوودا ئاشکرای کردبوو، هەموو رێکارە پێویستەکان دەگرنە بەر بۆ ئاسانکاری لە گەڕانەوەی ئەو دەریاوانانە بۆ ئێران.
ئەمە دووەم حاڵەتی لەو شێوەیەیە لە ماوەی هەفتەیەکدا؛ چونکە یەکشەممەی رابردوو، ئاژانسی ئاسایشی دەریایی پاکستان 8 ماسیگری دیکەی ئێرانی رادەست کردەوە کە بەهۆی تێکچوونی بەلەمەکەیانەوە رزگار کرابوون. ئەو ماسیگرانە تەنیا رۆژێک دوای رادەستکردنیان بە کونسوڵخانە، گەڕانەوە بۆ باوەشی خێزانەکانیان.