نەتەوە یەکگرتووەکان: گەرووی هورمز لە قۆناخێکی مەترسیداردایە
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دا لە تێکچوونی بارودۆخی گەرووی هورمز و رایگەیاند؛ ناوچەکە ئێستا بە قۆناخێکی زۆر هەستیار و مەترسیداردا تێپەڕ دەبێت.
ستیڤان دوجاریک، گوتەبێژی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، جیاوازییەکی زۆر لە لێدوانەکانی لایەنە جیاوازەکاندا دەبینرێت سەبارەت بەو رێککەوتنەی لە نێوانیاندا هەیە. جەختی لەسەر گرنگی پابەندبوونی هەموو لایەنەکان بەو بەڵێنانە کردەوە، لە رێککەوتننامەی نێوان ئەمریکا و ئێراندا هاتووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، نەتەوە یەکگرتووەکان دەیەوێت گەرووی هورمز بە شێوەیەکی بەردەوام و لەسەر بنەمای ئازادی هاتوچۆی کەشتییەکان بە کراوەیی بمێنێتەوە.
دوجاریک داوای لە هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کرد، سەرنجی سەرەکییان بخەنە سەر پاراستنی سەقامگیری جیهانی و سەلامەتی هەزاران دەریاوان ئێستا لەو ناوچە هەستیارەدا گیریان خواردووە.
تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە، سوپای پاسداران سێ کەشتی نەوتهەڵگریان راگرتووە کە ویستوویانە بەبێ مۆڵەت لە گەرووەکە تێپەڕ بن. لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی چوار درۆنی خۆکوژی ئاڕاستەی ئەو کەشتیانە کردووە، لە گەرووەکە تێپەڕ دەبوون، ئەمەشی بە پێشێلکارییەکی گەمژانەی رێککەوتنی ئاگربەست ناوبرد و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی لێ کردن.
گەرووی هورمز دەکەوێتە نێوان ئێران و عومان، یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان و نزیکەی پێنجیەکی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت. داخستنی ئەم گەرووە لە مانگەکانی رابردوودا بووە هۆی پەککەوتنی بازاڕەکانی وزە و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، تا دواجار لە 18ـی حوزەیرانی رابردوو، هەردوو وڵات گەیشتنە لێکگەیشتنێک بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووەکە و کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە لە 28ـی شوباتی رابردووەوە دەستی پێکردووە.