سوپای پاسداران: لە وەڵامی هێرشەکانی واشنتن بنکەکانی ئەمریکامان کردە ئامانج
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند؛ وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا، چەند پێگەیەکی سەربازی ئەو وڵاتەی لە ناوچەی کەنداو کردووەتە ئامانج.
سوپای پاسداران رایگەیاند، هێزە دەریاییەکانیان بە بۆردومانکردنی پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە وەڵامیان داوەتەوە.
سوپای پاسداران هۆشداریی دا و رایگەیاند: "ئەگەر دەستدرێژییەکان دووبارە ببنەوە، وەڵامەکەمان زۆر فراوانتر دەبێت." هەروەها جەختیان کردەوە بەگوێرەی رێککەوتنی ئاگربەست، کۆنترۆڵی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز لای ئەوانە.
لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئێرانی بە بەرپرسیاری هێرشەکەی سەر کەشتییە بازرگانییەکە و پێشێلکردنی رێککەوتنی هەفتەی رابردوو ناوبرد.
لە لایەکی ترەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، وڵاتەکەی رێزی لە رێککەوتنی ئاگربەست گرتووە و گوتی: "ئەگەر ئێران کێشەی لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە هەبوو دەیتوانی پەیوەندیمان پێوە بکات، بەڵام توندوتیژی بە توندوتیژی وەڵام دەدرێتەوە."
لەسەر ئاستی ناوچەکە، ئیسرائیل و لوبنان رێککەوتنێکی چوارچێوەییان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی واژۆ کرد، هەرچەندە حزبوڵڵا رایگەیاندووە، هاوکاری جێبەجێکردنی ناکات.
لەسەر ئاستی ئابووری، پێش سەرهەڵدانەوەی توندوتیژییەکان، نرخی نەوت بە رێژەی %3 دابەزیبوو، ئەمەش دوای ئەوەی هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز کەمێک ئاسایی ببووەوە.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لەگەڵ وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و داوای ئازادی بێ مەرجی هاتوچۆی دەریایییان کرد. لە بەرامبەردا، ئێران جەختی کردەوە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز دەبێت تەنیا لە نێوان ئێران و عوماندا بێت، و هۆشداریشی دایە وڵاتانی کەنداو کە لایەنگری واشنتن نەکەن.
لای خۆیەوە هەینی 26ـی حوزەیرانی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند؛ هێزە ئاسمانییەکانیان چەندین پێگەی سەربازیی ئێرانییان لە ناوچەی گەرووی هورمز پێکاوە. ئەم هێرشانە وەک وەڵامێکی راستەوخۆ دێن بۆ ئەو هێرشە درۆنییەی ئێران دوێنێ ئەنجامی دا بۆ سەر کەشتییەکی بارهەڵگری مەدەنی، کە واشنتن بە پێشێلکارییەکی روونی ئاگربەست وەسفی دەکات.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی دا، فڕۆکە جەنگییەکانمان کۆگاکانی مووشەک و درۆن و بنکە رادارییەکانی کەناراوەکانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت، ئێران بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردە سەر کەشتیی بارهەڵگری (M/V Ever Lovely) کە بە ئاڵای سەنگاپوورەوە لە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕی.