لە کریمیا باری نائاسایی راگەیەندرا
رووسیا: ئۆکرانیا زیانی گەورە بە کەرتی وزەی کریمیا گەیاندووە
بەرپرسانی خۆجێی رووسیا لە نیمچەدوورگەی کریمیا، باری نائاسایییان لەسەر ئاستی هەرێمی راگەیاند. ئەم بڕیارە دوای هێرشە چڕەکانی ئەم دواییەی ئۆکرانیا دێت کە بوونە هۆی دروستبوونی قەیرانی سووتەمەنی و پچڕانی تەزووی کارەبا لە ناوچەکەدا.
بەهۆی بەئامانجگرتنی رێگاکانی گواستنەوە و دامەزراوە نەوتییەکان لەلایەن ئۆکرانیاوە، دەسەڵاتدارانی کریمیا فرۆشتنی سووتەمەنییان بە هاووڵاتیان راگرتووە و کارەبای چەندین ناوچە بڕدراوە. سێرگی ئەکسیۆنۆف، پارێزگاری کریمیا رایگەیاند: "بڕیاردرا باری نائاسایی لەسەر ئاستی کۆماری قرم و شاری سێباستۆپۆڵ رابگەیەنرێت، ئەمەش بۆ ئەوەی بتوانین بە زووترین کات کارەکانی هەموو کەرتە هەستیارەکان رێکبخەینەوە."
وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاشکرای کرد، تەنیا لە یەک شەودا 660 درۆنی ئۆکرانییان لە ئاسمانی مۆسکۆ و کریمیا خستووەتە خوارەوە، ئەمەش یەکێکە لە بەرزترین ئامارەکانی هێرشی درۆنی لە سەرەتای دەسپێکی جەنگەوە لە شوباتی 2022.
لای خۆیەوە ڤلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لەبارەی هێرشەکانەوە گوتی: "ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی رووسیا ناچار بکەین جەنگ کۆتایی پێ بهێنێت. نیمچەدوورگەی کریمیا چەقی سیاسەتی ئێمەیە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری."
زێلێنسکی ئاماژەی بەوەش کرد، ئۆکرانیا خەریکە کریمیا لە دەستی رووسیا دەردەهێنێت وەک سەکۆیەک بۆ هێرشکردن.
رووسیا لە ساڵی 2014وە نیمچەدوورگەی کریمیا لکاندووە بە خاکی خۆیەوە، بەڵام زۆربەی وڵاتانی جیهان دان بەو هەنگاوەدا نانێن. ناوچەی دەریای رەش بۆ ڤلادیمێر پووتین گرنگییەکی مێژوویی و ستراتیژی زۆری هەیە، لە بەرامبەردا ئۆکرانیا جەخت دەکاتەوە، کریمیا بەشێکی دانەبڕاوە لە خاکەکەی و هەرگیز دەستبەرداری نابێت.