ئێران: تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکە لە ئەستۆی ئەمریکایە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا سەرکۆنەی توندی هێرشە دڕندانەکانی ئەمریکای بۆ سەر کەناراوەکانی باشووری وڵاتەکەی کرد و هۆشدارییەکی توندیشی ئاراستەی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە کرد.

ئەمڕۆ شەممە، 27ـی حوەزیرانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هێرشەکانی ئەمریکا پێشێلکارییەکی بەرچاوی بڕگەی یەکەمی یاداشتنامەی لێکگەیشتنی نێوان هەردوولایە. ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی وەڵامی پێویستی هێرشەکانی ئەمریکای داوەتەوە و جەختی کردەوە کە "ئەمریکا بەرپرسیارێتی تەواوی دەرئەنجامەکانی ئەم دۆخە و تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکەی لە ئەستۆدایە."

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، تاران پەیامێکی روونی ئاراستەی وڵاتانی کەنداو کرد و داوای لێکردن پرەنسیپی دراوسێیەتی باش پەیڕەو بکەن. وەزارەتی دەرەوە جەختی کردەوە: "نابێت خاک و ئاسمانی وڵاتانی دراوسێ بۆ ئەنجامدانی هیچ جۆرە هێرشێک دژی ئێران بەکاربهێنرێت."

سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی دیکەی ناوچەکە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر خاکی لوبنان بە پێشێلکارییەکی دیکەی یاداشتنامەی لێکگەیشتن وەسف کرد.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، ئێران داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، بەرامبەر بەم هێرش و پێشێلکارییانە بێدەنگ نەبن و هەڵوێستی جدی بنوێنن بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند؛ وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا، چەند پێگەیەکی سەربازی ئەو وڵاتەی لە ناوچەی کەنداو کردووەتە ئامانج.

سوپای پاسداران رایگەیاند، هێزە دەریاییەکانیان بە بۆردومانکردنی پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە وەڵامیان داوەتەوە.

سوپای پاسداران هۆشداریی دا و رایگەیاند: "ئەگەر دەستدرێژییەکان دووبارە ببنەوە، وەڵامەکەمان زۆر فراوانتر دەبێت." هەروەها جەختیان کردەوە بەگوێرەی رێککەوتنی ئاگربەست، کۆنترۆڵی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز لای ئەوانە.

لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئێرانی بە بەرپرسیاری هێرشەکەی سەر کەشتییە بازرگانییەکە و پێشێلکردنی رێککەوتنی هەفتەی رابردوو ناوبرد.

لە لایەکی ترەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، وڵاتەکەی رێزی لە رێککەوتنی ئاگربەست گرتووە و گوتی: "ئەگەر ئێران کێشەی لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە هەبوو دەیتوانی پەیوەندیمان پێوە بکات، بەڵام توندوتیژی بە توندوتیژی وەڵام دەدرێتەوە."