زەنگی ئاگادارکردنەوە لە کوەیت و بەحرەین لێدرا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، کوەیت و بەحرەین بەرپەرچی هێرشی موشەکی و درۆنییان دایەوە.

سەرۆکایەتی ئەرکانی گشتی سوپای کوەیت رایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەیان بەرپەرچی چەند هێرشێکی مووشەکی و درۆنی دوژمنکارانەیان داوەتەوە. سوپای کوەیت داوای لە هاووڵاتیان کردووە پابەندی رێنماییە ئەمنییەکان بن و ئاماژەی بەوە کردووە کە دەنگی تەقینەوەکان ئەنجامی تێکشکاندنی هێرشەکان بووە لەلایەن سیستەمی بەرگرییەوە.

هاوکات لە بەحرەین، وەزارەتی ناوخۆ بۆ دووەم جار لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێدا. مەنامە رایگەیاند، بەرگرییە ئاسمانییەکانیان چەندین دەستدرێژی ئاسمانیی ئێرانییان تێکشکاندووە. حکوومەتی بەحرەین داوای لە دانیشتووان کردووە ئارام بن و بچنە شوێنە پارێزراوەکان.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پشتڕاستی کردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەی چەندین پێگەی کۆگاکردنی مووشەک، درۆن و وێستگەکانی راداریان لە ناوخۆی ئێران بۆردومان کردووە. ترەمپ لە پەیامێکدا گوتی: "ئێران جارێکی دیکە ئاگربەستی پێشێل کرد، بۆیە ئەم هێرشانەمان ئەنجامدا."

ترەمپ هۆشدارییەکی توندی دا و رایگەیاند: "ئەگەر ئێران بەردەوام بێت، لەوانەیە ناچار بین کارەکە بە سەربازی کۆتایی پێ بهێنین، ئەو کاتەش چیدیکە وڵاتێک بە ناوی ئێران بوونی نامێنێت."

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، ئەم هێرشانە وەک وەڵامێکی راستەوخۆ بووە بۆ هێرشێکی درۆنیی ئێران بۆ سەر تانکەرێکی نەوت لە گەرووی هورمز. ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە، تەنیا دوو هەفتە بەسەر رێککەوتنی ئاگربەستی کاتیی نێوان هەردوولا تێپەڕ بووە.