بە مەبەستی هاوتاکردنی مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی شاندێکی هەرێم گەیشتە بەغدا

شاندێکی باڵای وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و بڕیارە ئەمڕۆ رێککەوتنی کۆتایی بۆ هاوتاکردنی مووچە و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ واژۆ بکەن.

بەمەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گرنگ و یەکلاییکەرەوە، شاندێکی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان شەوی رابردوو گەیشتوونەتە بەغدا. شاندەکە کە لەلایەن وەزیری شەهیدانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان و بەڕێوەبەری خزمەتگوزارییەکانی وەزارەتەکەی لەگەڵدایە، بڕیارە تاوەکو رۆژی چوارشەممە یاخود پێنجشەممە لە بەغدا بمێننەوە.

بەگوێرەی کارنامەی شاندەکە، بڕیارە ئەمڕۆ بۆ ماوەی 1 کاتژمێر لەگەڵ فراکسیۆنە کوردییەکان لە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە. دواتر و لە کاتژمێر 2:00ـی پاشنیوەڕۆ، کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ دەستەی زیندانییە سیاسییەکانی حکوومەتی عێراق ئەنجام دەدەن.

لە کۆبوونەوەکەی کاتژمێر 2:00دا، واژۆی کۆتایی لەسەر ئەو رێککەوتننامەیە دەکرێت کە تایبەتە بە هاوتاکردنی مووچە و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی و کەسوکاری شەهیدانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە بەغدا و ناوچەکانی دیکەی عێراق.

ئەم رێککەوتنە دوای ئەوە دێت کە چەندین گرفت و کێشە لەسەر پرسی گەڕانەوەی دۆسیە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەغدا هەبوو، بەڵام بڕیارە ئەمڕۆ بە واژۆکردنی ئەم رێککەوتنە کۆتایی بەو گرفتانە بهێنرێت و شایستە داراییەکانیان هاوتای بەغدا بکرێت.