دژە تیرۆری عێراق لە ناوچەی سەوز ژمارەیەک بەرپرسی دەستگیر کرد
بەگوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، کاتژمێر 2:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی پلان بۆ دارێژراو لە ناوچەی سەوزی بەغدا جێبەجێ کرا.
گوتیشی: ئۆپەراسیۆنەکە لەو شوێنانەی ناوچەی سەوز کراوە کە ماڵی بەرپرسانی تێدابە، کە سەرەتا دەروازەکانی ناوچەی سەوز داخراوە و نەیانهێشتووە هیچ کەس هاتوچۆ بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، دژەتیرۆری عێراق هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو بەرپرسانەی کە ناوەکانیان لا بووە، هەروەها دژە تیرۆری عێراق بە زرێپۆش و چەکی قورس ئۆپەراسیۆنەکەی کردووە کە خۆی بۆ حاڵەتی لەناکاو ئامادەکردبوو. دەشڵێت، تاوەکوو ئێستا نازانرێت کێ و چەند کەس دەستگیرکراون، بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرەکەی کوردستان24، ئەو ئۆپەراسیۆنە پەیوەندی بە دۆسیەی عەدنان جومەیلی بریکاری وەزارەتی نەوتەوە هەبووە کە 10 ملیۆن دۆلار و بڕێکی زۆر چەک و زێڕ دەستی بەسەردا گیراوە.
راشیگەیاند، لە دەنگۆکان ناوی محەمەد شیاع سوودانی و تەیف سامی و ژمارەیەک راوێژکاری پێشووی سوودانی دەهێنرێت، هەروەها ناوی پەرلەمانتارانی ئێستا و پێشووی تێدایە، هەروەها سەرکردەی حزبیشی تێدایە، باسی لەوەشکردووە، ئێستا بارودۆخەکە ئاسایی بووەتەوە و تەواوی دەرگاکان کراوەتەوە، چونکە بەرپرسێکی زۆری ئەمنی و سەربازی و حکوومی دەوامیان لە ناوچەی سەوزە.
بەپێی هەندێک زانیاریی میدیاکان ئەوانەی دەستگیرکراون بریتین لە، محەمەد سەیهود، حەسەن خەفاجی، موسەننا سامەرایی، بەهائەددین نووری، عالیە نوسەیف، حوسێن مەئەنەس، عادل حەلاوی ، محەمەد فەرمان، مزەر کروی، زیاد جەنابی، عەلا سوکەر، محەمەد کەربولی، عەبدولکەریم سوودانی، عەباس سوودانی و فەرحان فەرتوسی.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، ئەم دەستگیرکردنانە لەسەر بنەمای دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بووە کە مانگی رابردوو دەستگیرکرا. تۆمەتبارەکان پێکهاتوون لە چەند ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران، سیاسییەکان و پیاوانی کار.
هەفتەی رابردوو دەسەڵاتی دادوەری عێراق ئاشکرای کرد، دەستیان بەسەر بڕی زیاتر لە 85 ملیۆن دۆلاردا گرتووە. بەشێکی زۆری ئەم پارانە بە شێوەی نەختینە لەناو ماڵەکان و لەناو چاڵدا لە قووڵایی چوار مەتر لەژێر زەویدا شاردرابوونەوە.
کۆی گشتی ئەو پارانەی لەم دۆسیەیەدا دەستیان بەسەردا گیراوە بریتین لە:
زیاتر لە 98 ملیار دیناری عێراقی.
11 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.
دەستبەسەرداگرتنی 70 خانوو و زەوی و 21 ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز.
بڕی 3 کیلۆگرام زێڕ.
لە ئەنجامی دانپێدانانەکاندا، رائید جبوری بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی سەڵاحەدین-یش دەستگیرکراوە. ئەم دۆسیەیە یەکێکە لە گەورەترین دۆسیەکانی گەندەڵی کە لەم دواییانەدا ئاشکرا کراوە و حکوومەتی نوێش جەخت لەسەر بەردەوامیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەکاتەوە.