شرۆڤەکارێکی سیاسی: لیستی دەستگیرکردنی 129 بەرپرسی عێراق ئامادە کراوە

ئەسیر شە‌رع، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی رایدەگەیەنێت، حکوومەتی عەلی زەیدی لە قۆناخی دروشمەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی چووەتە قۆناخی کردەوە. دەشڵێت: "لیستێکی 129 کەسی بۆ دەستگیرکردنی وەزیر و بەرپرسان ئامادە کراوە و بەیانی ئەمڕۆ لە کاتی دەستگیرکردنی هەندێکیان، پێکدادان لە ناوچەی سەوز روویداوە."

ئەسیر شە‌رع، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی بۆ کوردستان24 رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ جووڵەی هێزە ئەمنییەکان لە نزیک ناوچەی سەوز لە بەغدا بینراوە و چەند بەرپرسێک و ئەندام پەرلەمانێکی پێشوو دەستگیرکراون، کە لە دۆسیەی گەندەڵیدا تێوەگلابوون.

ئەو شرۆڤەکارە ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوە ئەوە دەسەلمێنێت کە قۆناخی قسە تێپەڕیوە و قۆناخی کردەوە دەستیپێکردووە. گوتیشی: "لە رابردوودا گوێمان لە حکوومەتە یەک بەدوای یەکەکان دەبوو کە تەنیا دروشمی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییان بەرز دەکردەوە، بەڵام لە رواڵەتدا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەبوو."

ئەسیر شە‌رع پێشبینی دەکات نیەتێک هەبێت بۆ لادانی پارێزبەندی لە هەندێک لە ئەندامانی ئێستای پەرلەمان، بە مەبەستی لێپێچینەوە و رووبەڕووکردنەوەیان لەگەڵ دادگا.

پشتگیری جەماوەری بۆ حکوومەت

بە بڕوای ئەسیر شەرع، ئەم هەڵمەتە لای هاووڵاتییانی عێراق هەنگاوێکی دڵخۆشکەرە و ئەگەر بەردەوام بێت، حکوومەتی عەلی زەیدی پشتگیرییەکی گەورەی گەل و ئەو هێزانە بەدەستدەهێنێت کە پێشتر ئۆپۆزیسیۆن بوون، چونکە ئەمە هەنگاوێکە بەرەو ئاراستەی راست.

پێکدادان لە ناوچەی سەوز

سەبارەت بە وردەکارییەکان، ئەسیر شە‌رع ئاشکرای کرد کە زانیاری هەیە لەسەر روودانی پێکدادان لە نێوان هێزەکانی دژە تیرۆر و پاسەوانی هەندێک لە بەرپرسان لە نێو ناوچەی سەوزدا. راشیگەیاند: "ئەمە کارێکی چاوەڕوانکراوە، چونکە دەستگیرکردنی سیاسییەکان کارێکی ئاسان نییە."

لیستی 129 کەسایەتی

هەروەها گوتیشی بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دراون، لیستێک ئامادە کراوە کە ناوی 129 کەسایەتی تێدایە، لەوانە وەزیر، بەرپرس، ئەندام پەرلەمان و بەڕێوەبەری گشتیی پێشوو. تا ئێستا تەنیا ژمارەیەکی کەم لەو لیستە دەستگیرکراون، بەڵام پرۆسەکە بەردەوامە.

لە کۆتاییدا ئەو شرۆڤەکارە ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەم هەڵمەتە دەبوو زۆر لەمەوبەر ئەنجام بدرایە، بەڵام بەهۆی رێککەوتنە سیاسییەکانەوە تا ئێستا دواخرابوو.

کاتژمێر 2:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی پلان بۆ دارێژراو لە ناوچەی سەوزی بەغدا جێبەجێ کرا،  بەگوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان پەیامنێری کوردستان24، ئەو ئۆپەراسیۆنە پەیوەندی بە دۆسیەی عەدنان جومەیلی بریکاری وەزارەتی نەوتەوە هەبووە کە 10 ملیۆن دۆلار و بڕێکی زۆر چەک و زێڕ دەستی بەسەردا گیراوە.