سوپای پاسداران هەڕەشەی راگرتنی دانووستانەکان دەکات
سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی راگرتنی تەواوەتی پرۆسەی دانوستانەکان دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی سوپای ئەمریکا چەند پێگەیەکی لە کەناراوەکانی ئێران بۆردومان کرد.
سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "پێشێلکردنی ئاگربەست لەلایەن ئەمریکاوە پێچەوانەی ماددەی یەکەمی یاداشتی لێکگەیشتنە و دەبێتە هۆی راگرتنی تەواوەتی رێڕەوی دانوستانەکان."
لە بەیاننامەکەدا هاتووە؛ بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی لە 18ـی حوزەیران لەنێوان دۆناڵد ترەمپ و مەسعود پزیشکیان واژۆ کراوە، کۆنترۆڵکردنی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز لە دەستی ئێراندایە. سوپای پاسداران هۆشداری توندیشی داوە و دەڵێت: "هەر دەستدرێژییەکی نوێ، تەنانەت ئەگەر ئامانجێکی بێبایەخیش بێت، بە وەڵامێکی کوشندە رووبەڕوو دەبێتەوە و لەمەودوا بە توندتر مامەڵە لەگەڵ ئەو کەشتییانە دەکەین کە سەرپێچی رێنماییەکانمان دەکەن لە گەرووی هورمز."
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی دیکە هەڕەشەی گەڕانەوە بۆ بژاردەی سەربازی و جەنگی کرد. ترەمپ لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی تروس سۆشیاڵ نووسیویەتی: "رەنگە کاتێک بێت کە چیتر نەتوانین بە عەقڵانی مامەڵە بکەین، ناچار دەبین ئەرکەکە بە سەربازی کۆتایی پێ بهێنین. ئەگەر ئەوە رووبدات، کۆماری ئیسلامی ئێران چیتر بوونی نامێنێت."
سوپای ئەمریکا رایگەیاند؛ شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە، چەند هێرشێکی ئاسمانییان کردووەتە سەر پێگەکانی دوورگەی قشم، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشە درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر تانکەرە نەوتییەکانی "ئێڤەر لۆڤلی و کیکۆ".
بەگوێرەی راپۆرتەکانی ئاژانسی رۆیتەرز، ململانێیەکی توند لەسەر رێڕەوی کەشتیوانی لە ناوچەکەدا هەیە؛ واشنتن دەیەوێت کەشتییەکان بە کەناراوەکانی عوماندا رێڕەوی باشوور بڕۆن، لە کاتێکدا تاران سوورە لەسەر ئەوەی کەشتییەکان بە رێڕەوی باکووردا و لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندا تێپەڕ بن، بە ئامانجی سەپاندنی باج و رسومات لە گەرووی هورمزدا.
تەنیا هەفتەیەک دوای گەڕێکی دانوستانەکان دێت لە سویسرا، بە سەرپەرشتی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بەڕێوەچوو، تێیدا واشنتن بەشێک لە سزاکانی سەر تارانی هەڵگرت، بەڵام جارێکی دیکە شەڕ و ئاڵۆزییەکان گەڕانەوە خاڵی سفر.