ئۆکرانیا هێرشی کردە سەر پاڵاوگەیەکی نەوتی رووسیا
پارێزگاری هەرێمی کراسنۆدار لە باشووری رۆژئاوای رووسیا رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە درۆنییەکانی ئۆکرانیا کەسێک گیانی لەدەستداوە و یەکێکی دیکەش بریندار بووە، هەروەها ئاگر لە پاڵاوگەیەکی نەوتیش کەوتووەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەمە، ڤینیامین کۆندراتیڤ، پارێزگاری هەرێمی کراسنۆدار لە سۆشیال میدیادا نوسیویەتی "هەرێمی کراسنۆدار بەدرێژایی شەوی رابردوو لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیاوە هێرشێکی توندی کراوەتە سەر، گوتیشی لە شاری سلۆڤیانسک بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی درۆنێک کەسێک گیانی لەدەستداوە."
ڤینیامین کۆندراتیڤ ئاماژەی بەوەشکرد، ئاگر لە پاڵاوگەیەکی نەوتی شارەکە کەوتووەتەوە، هەروەها هێڵێکی کارەبا و بۆرییەکی گازیش زیانیان بەرکەوتووە.
کۆندراتیڤ باسی لەوەکرد، پاشماوەی درۆنەکان کەوتووەتە سەر یەکێک لە گوندەکانی ناوچەکە و زیانی بە چەند ماڵێک گەیاندووە و کەسێکیش بریندار بووە کە لە شوێنی رووداوەکە فریاگوزاری سەرەتایی وەرگرتووە.
لە شوباتی 2022، رووسیا هێرشێكی بەرفراوانی کردە سەر ئۆکرانیا و بەشێکی ئەو خاکەی داگیر کرد، لە ئەنجامی ئەو جەنگە دەیان هەزار کەس کوژراون و برینداربوون، هەروەها بە ملیۆنان ئۆکرانی ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون.