کۆمپانیای "HKN" لە کێڵگەی ئەترووش دەستی بە بەرهەمهێنانی نەوت کردەوە
کۆمپانیای ئێج کەی ئێن لە کێڵگەی ئەترووش بەرهەمهێنانی نەوتی دەستپێکردەوە و بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە، سەرجەم کۆمپانیاکانی دیکەی نەوت لە هەرێمی کوردستان بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان، کە پێشبینی دەکرێت ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە بگاتە 170 هەزار بەرمیل نەوت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ی حوزەیرانی 2026، کۆمپانیای ئێج کەی ئێن (HKN) بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەی ئەترووش لە هەرێمی کوردستان دەستپێکردەوە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا زنجیرەیەک کۆمپانیای دیکەی نێودەوڵەتی گەڕانەتەوە سەر کارەکانیان و دەستیان بە بەرهەمهێنان کردووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە چەند رۆژی رابردوودا هەریەک لە کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆ (DNO) لە کێڵگەکانی تاوکێ و پێشابوور، هەروەها کۆمپانیای گەڵف کیستۆن دەستیان بە بەرهەمهێنان کردووەتەوە. هاوکات کۆمپانیای "هەنت ئۆیڵ" بڕیارە لە 8ـی تەممووزی داهاتوو دەست بە کار بکاتەوە و کۆمپانیاکانی دیکەش بەگوێرەی پلانێکی داڕژراو و بە چەند قۆناخێک دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
لە کۆی 11 کۆمپانیای بواری نەوت لە هەرێمی کوردستان، 8 کۆمپانیایان بەهۆی راگیرانی هەناردەوە کارەکانیان راگرتبوو. لەگەڵ دەستپێکردنەوەی کارەکانیاندا، ئەم کۆمپانیایانە دەتوانن رۆژانە نزیکەی 170 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنن.
ئێستا لە هەرێمی کوردستان 8 کێڵگەی گەورەی بەرهەمهێنانی نەوت چالاکن، کە بریتین لە کێڵگەکانی: (خورمەڵە، تاوکێ و پێشابوور، شێخان، ئەترووش، سەرسنگ، هەولێر و بجیل-هەریر).
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئایاری ساڵی 2023ـەوە راگیراوە، کە ئەمەش بووەتە هۆی گەیاندنی زیانی ملیاران دۆلار بە بودجە و ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق. دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ کەمکردنەوەی ئەو زیانانە دەبینرێت.