هەرێمی کوردستان پەرلەمانتار زیاد جەنابی رادەستی بەغدا کرد

سەرچاوەیەک رایگەیاند، زیاد جەنابی، ئەندامی پەرلەمانی عێراقی، دوای دەستگیرکردنی لە شاری هەولێر، رادەستی حکوومەتی فیدراڵ کرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییەی گوت: "هەرێمی کوردستان، زیاد جەنابی، پەرلەمانتاری عێراقی رادەستی حکوومەتی فیدراڵ کردووەتەوە."

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش دا، رادەستکردنەوەی ئەو پەرلەمانتارە دوای ئەوە دێت کە لە شاری هەولێر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرابوو.

تاوەکو ئێستا بە فەرمی هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو پەرلەمانتارە و وردەکاریی زیاتر لەبارەی جۆری تۆمەتەکەی رانەگەیەندراوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی حوزەیران، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە پارێزگاکانی بەغدا، سەڵاحەدین، ئەنبار، نەینەوا و چەند ناوچەیەکی دیکە، کۆمەڵێک ئۆپەراسیۆنی ئەمنییان بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەرپرسی باڵا بە تۆمەتی گەندەڵی ئەنجامدا.

لە بەرامبەر ئەم هەڵمەتەدا، چەندین هاوپەیمانی و کەسایەتیی سیاسی لە عێراق پشتگیری خۆیان بۆ ئەم هەڵمەتە دووپاتکردەوە، لە پێناو راوەدوونانی گەندەڵکاران.