تونجەر باکرهان: تاوەکو پرسی کورد چارەسەر نەبێت دیموکراسی و ئابووری پێشناکەون
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی رایگەیاند، بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێکدادان و جێگیرکردنی ئاشتییەکی سەربەرزانە، پێویستە حکوومەت گوێ لە داواکارییەکانی شەقام بگرێت و جەختیش دەکاتەوە کە بەبێ چارەسەرکردنی پرسی کورد، دیموکراسی و ئابووریی وڵات گەشە ناکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، لە میانی گردبوونەوەیەکی جەماوەریدا، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئاماژەی بەوە کرد، کۆبوونەوەی ئەوان لە مەیدانەکاندا بۆ ئەوەیە چیتر گەنجانی کورد و تورک نەبنە قوربانیی شەڕ و پێکدادانەکان، هاوکات داوای ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکانی وەک سەڵاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ و لەیلا زانای کرد.
باکرهان رایگەیاند "ئەم مەیدانانە هیچ کاتێک سەریان دانەواندووە و هەمیشە داوای ئاشتی و ژیانێکی سەربەرزانەیان کردووە، پێویستە دەسەڵاتداران گوێ لەم دەنگانە بگرن، چونکە رێگەی دەرچوون لە قەیرانەکان روونە."
هاوسەرۆکی دەم پارتی جەختی لەوەش کردەوە "ئەگەر پرسی کورد چارەسەر نەبێت، دیموکراسی بە نیوەچڵی دەمێنێتەوە، دادپەروەری و سەروەریی یاسا پاشەکشە دەکەن و ئابوورییش دووچاری شکست دەبێت، بۆیە پێویستە گوێ لە کورد، عەلەوییەکان و تەواوی رەنجدەران بگیرێت."
باکرهان ئاماژەی بەوەش دا، ئێستا لە قۆناغێکی مێژووییدان و بۆ چارەسەرییەکان پێویستیان بە "یاسایەکی چوارچێوە" هەیە، گوتیشی "دەبێت ئەم یاسایە روون، شەفاف و بوێرانە بێت و هیچ جۆرە جیاکارییەکی تێدا نەبێت. نابێت بە یاسا رێگری لە گەڕانەوەی هیچ کەسێک بکرێت و نابێت دەرگای ئاشتی بە رووی کەسدا دابخرێت."