حکوومەتی تورکیا بەنیازە رێڕەوێکی دیکەی یاسایی بۆ پرۆسەی ئاشتی بکاتەوە
حکوومەتی تورکیا بە نیازە بەر لە دەسپێکردنی پشووی پەرلەمان، پڕۆژەیاسای "چوارچێوە" پێشکەش بە پەرلەمان بکات، بۆ ئەوەی رێڕەوێکی نوێ بۆ چارەکردنی دۆسیەی پرسی کورد لە وڵاتەکە و پرۆسەی ئاشتی بکاتەوە.
سەرچاوەکان لە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) رایانگەیاندووە، تێپەڕاندن و جێبەجێکردنی ئەو یاسایە، مەرجدار دەبێت بە داماڵێنی چەک؛ جێبەجێکردنەکەش بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی راپۆرتی مەیدانی لەلایەن دەزگا هەواڵگری و هێزە چەکدارەکانەوە دەردەچێت، دوای ئەوەش دەبێت بڕیارێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانییەوە دەربچێت کە بە فەرمی هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکاراکانی کوردستان (پەکەکە) و رادەستکردنی چەکەکان پشتڕاست بکاتەوە.
بەگوتەی هەمان سەرچاوەکان، رەشنووسی یاساکە عەبدوڵڵا ئۆجەلان و سەرکردە باڵاکانی دیکەی پەکەکە کە سزای زیندانی تاهەتاییان بۆ دەکراوە، لە دەرەوەی یاساکە و بڕیارەکانی دەبن. هەروەها داڕشتنی پڕۆژەیاساکە بە جۆرێکە، کە هیچ لێبوردنی گشتی یان یان لێبوردنێکی دیکە دەرناکرێت.
لە بەرامبەردا، رەنگە رێگە بەو کەسانە بدرێت کە دەگەڕێنەوە بۆ تورکیا و دەستیان لە تاوانی دیاریکراودا نەبووە، سوود لە بڕگەی "پەشیمانی" نێو پرۆژە یاساکەدا وەربگرن کە پشت بە یاسای سزادانی تورکیا دەبەستێت، بەڵام دۆسیەی ئەوانەی لە تاواندا تێوەگلاون، رووبەڕووی لێکۆڵینەوەی یاسایی دەکرێنەوە.
هەندێک سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، حکوومەتی تورکیا تاوتوێی ئەوە دەکات ماوەی کارکردن بەم یاساکە کاتی و دیاریکراو بێت، لەگەڵ سەپاندنی چاودێری دادوەری بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەسەر ئەو کەسانەی دەگەڕێنەوە، هەروەها لە قۆناخی گواستنەوەدا بە شێوەیەکی کاتی رێگریان لێدەکرێت لە کارکردن لە دامەزراوە حکوومییەکان یان ئەنجامدانی چالاکی سیاسی.