توێژینەوەیەک: تیشکی خۆر لە نەخۆشی لەبیرچوونەوە و خەڵەفان دەتپارێزێت
توێژینەوەیەکی نوێی زانستی ئاشکرای دەکات، بەرکەوتنی بەردەوامی تیشکی خۆر، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی خەڵەفان (Dementia) بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە، تەنانەت بۆ ئەو کەسانەشی کە لە رووی بۆماوەییەوە ئەگەری تووشبوونیان زۆرە.
تیمێکی توێژەران لە چەند زانکۆیەکی چینی، بۆ ماوەی 8 ساڵ چاودێری دۆخی تەندروستی نزیکەی 87,600 کەسیان کردووە کە تێکڕای تەمەنیان 62 ساڵ بووە. بەگوێرەی ئەنجامەکانی توێژینەوەکە، ئەو کەسانەی زۆربەی کاتەکانیان لە شوێنی تاریکدا بەسەر دەبەن، زیاتر رووبەڕووی مەترسی تووشبوون بە خەڵەفان دەبنەوە.
لە توێژینەوەکەدا هاتووە، گۆڕینی ژینگەی کارکردن و مانەوە لە شوێنی رووناک، مەترسی تووشبوون بەو نەخۆشییە بە رێژەی 15% بۆ 25% کەمدەکاتەوە. هەروەها دەرکەوتووە بەرکەوتنی رووناکییەک کە هێزەکەی لە 1000 لوکس زیاتر بێت (کە هاوتایە لەگەڵ رووناکییەکی مامناوەندی ناوماڵ یان رۆژێکی هەوراوی لە دەرەوە)، ئەگەری تووشبوون بە رێژەی 16% کەمدەکاتەوە.
ئەنجامەکان ئاماژە بەوە دەدەن، مانەوە بۆ ماوەی کاتژمێر و نیوێک لە رۆژێکدا لەبەر تیشکێک کە هێزەکەی 3000 لوکس یان زیاتر بێت، مەترسییەکە بە رێژەی 18% کەمدەکاتەوە. هەروەها بەرکەوتنی تیشکێکی زۆر بەهێز (7000 لوکس و زیاتر) بۆ ماوەی 40 بۆ 45 خولەک لە رۆژێکدا، هەمان مەترسی بە رێژەی 17% دادەبەزێنێت.
پسپۆڕان هۆشداری دەدەن کە بەرکەوتنی تیشکی خۆر بۆ کەمتر لە 42 خولەک لە رۆژێکدا، هۆکارێکی زۆر بەهێزترە بۆ تووشبوون بە خەڵەفان بەراورد بە هۆکارە باوەکانی وەک قەڵەوی، خواردنەوەی کحول و پێکانەکانی مێشک.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، سوودەکانی تیشکی خۆر بۆ ئەو کەسانەی شەوانە درەنگ دەخەون یان بەهۆی رووناکیی دەستکردی شەو کوالێتی خەویان تێکچووە، زۆر زیاتر بووە و مەترسییەکەی بە رێژەی 30% بۆ 40% کەمکردووەتەوە. هەروەها ئەو کەسانەی هەڵگری بازدانی جینیی مەتریسیدارن بۆ نەخۆشیی ئەلزەهایمەر، بەرکەوتنی تیشکی خۆر ئەگەری تووشبوونی بە رێژەی 19% بۆ 27% بۆ کەمکردوونەتەوە.
توێژەران روونیان کردووەتەوە، رووناکی رۆژ گرنگترین هۆکارە بۆ رێکخستنی "کاتژمێری بایۆلۆژی" جەستە، کە بەرپرسە لە خولی خەو و بەئاگاهاتنەوە و چالاکییە هزرییەکان. ئاماژە بەوەش کراوە کە تیشکی خۆر یارمەتی مێشک دەدات لەوەی تووشی پووکانەوە نەبێت، کە یەکێکە لە نیشانە سەرەکییەکانی خەڵەفان.
لە کۆتاییدا توێژەران جەخت دەکەنەوە، هەرچەندە پێویستیان بە توێژینەوەی زیاتر هەیە، بەڵام تیشکی خۆر رێگەیەکی ئاسان و بێ تێچووە بۆ پاراستنی تەندروستی مێشک و پێویستە لە رێنماییە گشتییەکانی تەندروستیدا جێگەی بکرێتەوە.