ململانێی تورکیا و یۆنان لەسەر پاقلاوە دەگاتە یونسکۆ
ململانێی نێوان تورکیا و یۆنان لەسەر خاوەندارێتیی پاقلاوە پێی ناوەتە قۆناخێکی نوێوە، هاوکات ئەنقەرە بە فەرمی داوای لە رێکخراوی یونسکۆ کردووە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە و تۆمارکردنی ئەو شیرینییە بەناوی خۆیەوە.
تورکیا لە رێگەی پەڕاوێکی فەرمییەوە داوای لە رێکخراوی یونسکۆ کردووە پاقلاوە لەژێر ناوی "پاقلاڤە" وەک کەلەپوورێکی فەرهەنگیی تورکی تۆمار بکات.
ئەم هەنگاوە وەک پلانێکە بۆ رێگریکردن لە هەوڵە بەردەوامەکانی یۆنان بۆ ناساندنی ئەو بەرهەمە بەناوی خۆیەوە.
بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا لە میانی کۆبوونەوەی 21ەمینی دەستەی حکوومیی یونسکۆ لە شاری شیامینی چین، بڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەر ئەم پرسە بدرێت و تورکیاش بە متمانەیەکی زۆرەوە چاوەڕێی دەرەنجامەکەیە.
یۆنان لە لیستی خواردنگەکانیدا پاقلاوە بە "شیرینیی یۆنانی" ناو دەبات و رەگەکەی بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی بیزەنتی دەگێڕێتەوە. لە بەرانبەردا لایەنی تورکی پێداگری لەوە دەکەن پاقلاوە بەم شێوەیەی ئێستای لە چێشتخانەی کۆشکەکانی عوسمانی و لە سەردەمی سوڵتان محەممەد فاتیحەوە گەیشتووەتە لووتکەی گەشەکردن، هەروەها بووەتە بەشێکی گرنگی رێوڕەسمە فەرمییەکان.
پێشتریش پاقلاوەی دیلۆکی باکووری کوردستان لە ساڵی 2013دا وەک یەکەم بەرهەمی تورکی لە یەکێتیی ئەوروپا تۆمار کرا. ئەم هەنگاوە نوێیەی ئەنقەرە مەبەست لێی سەلماندنی ناوی ئەم شیرینییەیە وەک کەلەپوورێکی تورکی و دوورخستنەوەی یۆنانە لەم ململانێ فەرهەنگییە چەندین ساڵەیە.