شیلک.. میوەیەکی "ناوازە" بۆ بەهێزکردنی بەرگریی لەش
پسپۆڕانی خۆراک ئاشکرای دەکەن، شیلک یەکێکە لە باشترین میوەکانی هاوین بۆ پاراستنی تەندروستیی جەستە، چونکە جگە لەوەی کالۆرییەکی کەمی تێدایە، سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی ڤیتامینەکان و دژەئۆکسانەکانە.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوە نوێیەکان، شیلک کە بە یەکێک لە میوە هەرە باوەکانی وەرزی هاوین دادەنرێت، رێژەیەکی زۆر لە ڤیتامین سی و ماددە سوودبەخشەکانی تێدایە کە بەرگریی لەش و کۆئەندامی هەرس بەهێز دەکەن. پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر ئەم میوەیە بە تەنیا و بێ زیادکردنی شەکر یان شوکولاتە بخورێت، سوودە تەندروستییەکانی چەند هێندە دەبن.
رۆب هۆبسۆن، پسپۆڕی خۆراک، رایگەیاندووە کە شیلک رێژەیەکی بەرچاو لە ریشاڵ، ترشی فۆلیک و دژەئۆکسانەکانی تێدایە. ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەر 100 گرام لەم میوەیە تەنیا 32 کالۆری تێدایە و رێژەی 91 لەسەدی لە ئاو پێکهاتووە، ئەمەش وای کردووە ببێتە باشترین بژاردە بۆ رۆژە گەرمەکان و پاراستنی کێشی جەستە.
لە لایەکی دیکەوە، پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە کە شیلک بۆ تەندروستیی ریخۆڵە و کۆئەندامی هەرس زۆر بەسوودە، چونکە جیاواز لە زۆر میوەی دیکە، نابێتە هۆی دروستبوونی غازات و هەڵئاوسانی سک. رۆب هۆبسۆن دەڵێت: "ئەم میوەیە یارمەتی گەشەی بەکتریای سوودبەخش لە ناو ریخۆڵەدا دەدات و پرۆسەی هەرسکردن ئاسان دەکات."
سەبارەت بە بەرگریی جەستە، شیلک وەک سەرچاوەیەکی سەرەکیی ڤیتامین سی هەژمار دەکرێت. لە کاتێکدا رێنماییە تەندروستییەکان باس لەوە دەکەن کە مرۆڤ رۆژانە پێویستی بە 40 ملگم لەو ڤیتامینە هەیە، خواردنی بڕێکی گونجاو لە شیلک دەتوانێت بەشێکی زۆری ئەو پێداویستییە دابین بکات. پسپۆڕان رێنمایی دەدەن کە بۆ بەدەستهێنانی باشترین ئەنجام، پێویستە شیلک وەک بەشێک لە سیستمێکی خۆراکیی هاوسەنگ رۆژانە بەکاربهێنرێت.