سەرچاوەیەک: لیستی ناوی تۆمەتبارانی گەندەڵی نزیکەی هەزار کەسایەتی لەخۆدەگرێت
سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای دەکات، لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دا تاوەکو ئێستا دەست بەسەر 170 ملیار دیناری کاش و بڕێکی زۆر زێڕ و چەک و ئۆتۆمبێلی گرانبەهای بەرپرساندا گیراوە؛ ئاماژە بەوەش دەدات، لیستی تۆمەتباران نزیکەی هەزار کەسە و ژوورێکی ئۆپەراسیۆن بە سەرپەرشتیی عەلی زەیدی بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەکە پێکهێنراوە.
سێشەممە 30ـی حوزەیرانی 2026، سەرچاوەیەکی بەرپرس لەبارەی هەڵمەتی دەستگیرکردنی بەرپرس و پەرلەمانتارە تۆمەتبارەکان بە گەندەڵی، بە کوردستان24ی راگەیاند، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر بڕی 170 ملیار دیناری کاش، دەیان ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز، قاڵبی زێڕ، چەکی جۆراوجۆر و چەندین ئەسپی رەسەندا گرتووە.
بە گوتەی سەرچاوەکە، ئەو پارە و سامانانە بە شێوەیەکی زۆر ئاڵۆز لە ژێرزەوی، ناو دیوار و شوێنی "سەیروسەمەرە" شاردرابوونەوە، بەڵام بە پشتبەستن بە دانپێدانانە وردەکانی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت، شوێنەکان ئاشکرا کراون. جەختیشیکردەوە، هەماهەنگییەکی بەهێز لەنێوان حکوومەت و دادوەری هەیە و هەڵمەتەکە تا رووبەڕوکردنەوەی دوا تۆمەتبار بەردەوام دەبێت.
سەرچاوە ئاگادارەکە ئاماژەی بەوە دا، ئەوەی ئێستا دەبینرێت تەنیا قۆناخی یەکەمە و لیستی ناوی تۆمەتباران نزیکەی هەزار کەسایەتیی تێدایە. بۆ ئەم مەبەستەش ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی تایبەت بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێکهێنراوە.
هەر لەم هەڵمەتەدا، دوو کەسایەتیی دیار توانیویانە بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵبێن، ئەوانیش حوسێن موئنیس، سەرۆکی فراکسیۆنی حقووق لە ئەنجوومەنی نوێنەران و سەر بە کەتائیبی حزبوڵڵا و (عەلا سەکر، ئەندامی ئەنجوومەن لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان. سەرچاوەکە دەڵێت یەکێکیان تەنیا چەند خولەکێک پێش گەیشتنی هێزە ئەمنییەکان ماڵەکەی جێهێشتووە.
لە لایەکی دیکەوە، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە شکستی بە چەند هەوڵێکی هەڵاتنی بەرپرسان بهێنن؛ لەوانە پەرلەمانتارێک کە ویستوویەتی لە رێگەی دەروازەیەکی سنوورییەوە خۆی بگەیەنێتە وڵاتێکی دراوسێ، لەگەڵ دوو پەرلەمانتاری دیکە کە بەر لەوەی خۆیان دەرباز بکەن، دەستگیر کراون. ئێستا گەڕان و لێکۆڵینەوەکان بە چڕی بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی تەواوی ئەو کەسانەی فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچووە.