پزشکیان: لەگەڵ قەتەر رێککەوتین لەسەر ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران
مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی لەگەڵ قەتەر گەیشتووەتە رێککەوتن بۆ ئازادکردنی 6 ملیار دۆلار لە کۆی 12 ملیار دۆلاری پارە بلۆککراوەکانی تاران لە دەوحە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی حوزەیرانی لە راگەیەندراوێکدا، سەرۆکایەتی کۆماری ئێران بڵاویکردەوە، ئاماژەی بەوە کرد: "بەگوێرەی ئەو رێککەوتنانەی ئەنجامدراون، بڕی 6 ملیار دۆلار لە کۆی 12 ملیار دۆلاری ئێران کە لە قەتەرە، سڕکردنی لەسەر لادەبرێت و دەگەڕێندرێتەوە بۆ وڵات." هەروەها گوتیشی، ئێستا کارەکان چڕکراونەتەوە بۆ گەڕاندنەوەی بەشەکەی دیکەی ئەو پارانە.
پێشتر سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردبوو، ئەمریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ قەتەر کاردەکات بۆ دانانی میکانیزمێک رێگە بە تاران بدات بەشێک لە داراییە بلۆککراوەکانی بۆ کڕینی کاڵای مرۆیی بەکاربهێنێت.
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا تیمە تەکنیکییەکانی ئێران و ئەمریکا بۆ جێبەجێکردنی یاداشتنامەیەکی لێکگەیشتن، لە دەوحە کۆببنەوە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە، ناوبژیوانەکان کەناڵێکی پەیوەندییان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان دروستکردووە بۆ رێگریکردن لە هەر رووداوێکی نەخوازراو.
چاوەڕوان دەکرێت لەو کۆبوونەوە تەکنیکییانەدا، پرسی گەرووی هورمزیش تاوتوێ بکرێت، لە دوو رۆژی رابردوودا بووە هۆی هێرشی بەرامبەر لە نێوان ئێران و ئەمریکا، ئەوەش خەریک بوو هەڕەشە لە رێککەوتنی ئاگربەست و دانوستانەکانی نێوان هەردوولا بکات.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە ماوەی رابردوودا چەندین جار رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی یەک سەنت ناداتە تاران و جەختی کردەوە، دەبێت پارە بلۆککراوەکانی ئێران بۆ کڕینی بەرهەمی ئەمریکی خەرج بکرێن، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران ئەمەیان رەتکردەوە و جەختیان کردەوە، ئەوان "ئازادن لەوەی چۆن پارەکانی خۆیان بەکاردەهێنن."