لاڤرۆڤ: بەرەنگاری وڵاتانی رۆژئاوا دەبینەوە

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، وڵاتانی رۆژئاوا شێوازی هەڕەشە و ناچارکردن لە مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا بەکاردەهێنن، جەختیشی کردەوە، رووسیا بە هاوکاری هاوپەیمانەکانی کار دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاراستە مەترسیدارانە و تێپەڕاندنیان.

دووشەممە 29ـی حوزەیرانی 2026، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، لە میانی وتارێکی بەخێرهاتندا هات ئاراستەی بەشداربووانی 69ـەمین کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی روسی بۆ یاسای نێودەوڵەتی کرابوو، گوتی: "وڵاتانی رۆژئاوا بە شێوەیەکی فراوان جۆرەها شێوازی هەڕەشە و فشار بەکاردەهێنن؛ لە سزای یەکلایەنەی نایاساییەوە بگرە تا دەگاتە دەستدرێژی سەربازی راستەوخۆ."

وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی لەگەڵ هاوبەشەکانی لە زۆرینەی جیهانی بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ بەهێزکردنی بنەما یاساییە نێودەوڵەتییەکان لە کاروباری جیهانیدا و بەرەنگاربوونەوەی ئەو سیاسەتانەی رۆژئاوا.

وەک نموونەیەک بۆ ئەم رەفتارانەی رۆژئاوا، ئاماژە بە سزای یەکلایەنە و نایاساییەکان کرا، وەک بلۆککردنی سەرمایەکانی رووسیا لە وڵاتانی رۆژئاوا، هەروەها جێبەجێکردنی یاسای "قەیسەر" دژی سووریا و ئەو سزایانەی پێشتر خرابوونە سەر ڤێنێزوێلا، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، تەنها ئەو سزایانە بە یاسایی دادەنرێن کە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کرابن.