نێردەی ئەمریکا دۆسیەی ئێران دەباتە قەتەر
نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەرەو قەتەر بەڕێکەوتووە. ئەم سەردانە لە کاتێکدایە باس لە ئەگەری دەستپێکردنی خولێکی نوێی دانوستانەکان لە نێوان واشنتن و تاران دەکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرپرسانی ئەمریکی کە بە تۆڕی هەواڵی CNNنیان راگەیاندووە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، بەرەو قەتەڕ بەڕێکەوتووە، بەڵام هێشتا روون نییە، ئایا جارید کوشنەر، زاوای ترەمپ، لەم گەشتەدا هاوڕێیەتی ویتکۆف دەکات یان نا، چونکە ئامادەکارییەکانی سەردانەکە تا رادەیەک بە نادیاری ماونەتەوە.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە واشنتن و تاران لە دەوحە دەست بە گفتوگۆ بکەن. لەو چوارچێوەیەدا، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا ئاماژەی کردووە گفتوگۆ تەکنیکییەکانی پەیوەست بە یاداشتی لێکگەیشتن سەرەڕای گرژییەکانی دوایی، بەگوێرەی پلانەکان بەڕێوەدەچن.
لەلایەکی دیکەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران هەموو جۆرە کۆبوونەوەیەکی دانوستانکاری لەگەڵ ئەمریکا لە داهاتوویەکی نزیکدا رەتکردەوە. بەرپرسانی ئێران جەختیان کردووەتەوە، ئێستا تەنیا تەرکیز دەخەنە سەر جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی یاداشتی لێکگەیشتنەکە، نەک چوونە ناو قۆناخی دانوستان بۆ رێککەوتنی کۆتایی.
دوێنێ دووشەممە، 29ـی حوزەیران، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، سەردانی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ قەتەر هیچ پەیوەندییەکی بە سەردانی شاندە ئێرانییەکەوە نییە کە بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاداشتی لێکگەیشتن دەچنە دەوحە، ئاماژەی بەوەشکرد، لە رۆژانی داهاتوودا هیچ کۆبونەوە و دانوستانێک لەگەڵ لایەنی ئەمریکی ئەنجام نادەن.
بەقایی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بارودۆخی جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاداشتەکە، بەتایبەت فرۆشتنی نەوت و دەستگەیشتن بە پارە بلۆککراوەکان گوتی: "سەبارەت بە پابەندییەکانی ئەمریکا لە بڕگەی 10ـدا فرۆشتنی نەوت، مۆڵەتە پێویستەکان لەلایەن ئەمریکاوە دەرکراون و ئێمە چاودێری پڕۆسەی جێبەجێکردنەکەی دەکەین." هەروەها راشیگەیاند، ئەم هەفتەیە شاندێکی پسپۆڕ رەوانەی دەوحە دەکرێت بۆ بەدواداچوونی بڕگەی 11 کە تایبەتە بە ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنی گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی گوتی: "هێشتا نەچووینەتە قۆناخی دانوستاندن بۆ رێککەوتنی کۆتایی." گوتیشی؛ بەگوێرەی بڕگەی 13ـی یاداشتی لێکگەیشتن، دەستپێکردنی دانوستانەکان بۆ رێککەوتنی کۆتایی بەندە بە دەستپێکردن و بەردەوامبوونی جێبەجێکردنی بڕگەکانی 1، 4، 5، 10 و 11.