پۆلەندا: ئۆکرانیا باجی بڕیارەکانی زێلێنسکی دەدات
سەرۆکوەزیرانی پێشووی پۆڵەندا رایگەیاند، ئۆکرانیا باجی بڕیارەکەی ڤلۆدیمێر زێلێنسکی، سەبارەت بە دامەزراندنی ئەوەی پێی دەوترێت کۆمەڵگەی پاڵەوانانی ئۆکرانیادەدات .
ماتیۆش مۆراڤێتسکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی پۆڵەندا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاماژەی بەوە کرد، پۆڵەندا لێکەوتەکانی ئەم سیاسەتە مێژووییە هەڵناگرێت و ئۆکرانیا خۆی یەکەم لایەن دەبێت کە باجەکەی دەدات، چونکە بە وتەی ئەو، کیێڤ ناسنامەی نیشتمانی خۆی لەسەر شاردنەوەی تاوانەکان یان کەمکردنەوەی بایەخیان بونیاد دەنێت نەک لەسەر بنەمای ڕاستی.
سەرۆکوەزیرانی پێشووی پۆڵەندا جەختی کردەوە، ئەم بڕیارەی زێلێنسکی دەبێتە رێگر لەبەردەم ئەندامێتی ئۆکرانیا لە یەکێتی ئەوروپا، چونکە زۆر ئەستەمە وێنای تێکهەڵقژانی تەواوەتی وڵاتێک بکرێت لەگەڵ ئەوروپا، بە شێوەیەکی فەرمی رێز لەو هێزانە بگرێت کە بەرپرسیارن لە ئەنجامدانی کوشتنی بەکۆمەڵی هاووڵاتییانی مەدەنی.
مۆراڤێتسکی پێیوایە ئەم هەنگاوانە ئەنجامی پێچەوانەیان دەبێت و هەرچەندە دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا زیاتر هەوڵی جوانکردنی وێنەی سوپای یاخیبووی ئۆکرانیا (UPA) بدەن، جیهان زیاتر تاوانەکانی ئەو سوپایەی بیردەکەوێتەوە.
پەیوەندییەکانی نێوان پۆڵەندا و ئۆکرانیا بەرەو گرژییەکی پەرەسەندوو دەچێت، سەرەڕای ئەوەی پۆڵەندا یەکێکە لە گەورەترین پشتیوانەکانی ئۆکرانیا لە جەنگی دژ بە رووسیا، بەڵام ناکۆکییە مێژووییەکان لەسەر سوپای یاخیبوو هەڕەشە لەم پەیوەندییە ستراتیژییە دەکەن. ناکۆکییەکان کاتێک قووڵتر بوونەوە کە زێلێنسکی لە مانگی ئایاری رابردوو بەشداری لە مەراسیمی دووبارە بە خاکسپاردنەوەی پاشماوەی سەرکردەکانی ئەو سوپایەدا کرد، ئەمەش توڕەیی وارسۆی لێکەوتەوە، ئەو هەنگاوە بە شکۆدارکردنی تاوانبارانی دژی پۆڵەندییەکان دەبینێت.
سەرۆکی پۆڵەندا لە 19ـی حوزەیران بڕیاریدا زێلێنسکی لە نیشانەی هەڵۆی سپی دابماڵێت بەهۆی شکۆدارکردنی سەرکردەکانی سوپای یاخیبوو لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیاوە، لە بەرامبەریشدا زێلێنسکی رایگەیاند، ئەم جۆرە گوتارانە لەوانەیە بە خراپی بۆ پۆڵەندییەکان کۆتایی بێت. هەروەها زێلێنسکی لە کاتی ئاهەنگەکانی رۆژی دەستووری وڵاتەکەیدا جەختی کردەوە، کەس بۆ ئۆکرانییەکان دیاری ناکات چۆن بژین، چۆن بدوێن، کێیان خۆش بوێت و سوپاسی کێ بکەن یان رێز لە کام پاڵەوان بگرن.