دۆناڵد ترەمپ هەڕەشە لە خاوەن بەنزینخانەکان دەکات

سەرۆکی ئەمریکا داوای لە بەنزینخانەکانی وڵاتەکەی کرد دەستبەجێ نرخی بەنزین دابەزێنن، چونکە دابەزینی نرخی نەوت هیچ رەنگدانەوەیەکی لەسەر ئەو بەنزینخانانە نەبووە و هۆشداریشی دایە بازرگانان لە بەرزکردنەوەی نرخەکان.

ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند "دەبێت دەستبەجێ بەنزینخانەکان نرخەکانیان دابەزێنن! بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئێستا نرخی بەرمیلێک نەوت 68 دۆلارە و بەرەو دابەزینی زیاتر دەڕوات، زۆر بەرزن".

ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد "دەبێت فرۆشیارانی بەنزین بە خێرایی وەڵامی ئەم لێدوانە بدەنەوە و ئەوەی دەزانن راستە بیکەن، ناکرێت نرخ لەسەر هاووڵاتیان زیاد بکرێت، ئەوە بە تەواوی نایاساییە، ئەگەر فرۆشیارانی بەنزین ئەمە نەکەن، کێشەی گەورە لە پێشە!".

سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، سەرەتا بە ئامانجگرتنی نرخێکی نزیکتر لە 2.50 دۆلار بۆ هەر گاڵۆنێک، پێویستە کالیفۆرنیا واز لە سەپاندنی ئەم باجە زیادانە بهێنێت لەسەر بەنزین، بەم زووانە باجەکە زیاتر دەبێت لە بەهای خودی بەرهەمەکە و ئەمریکاش ئەوە قبوڵ ناکات، هەروەها خەڵکی کالیفۆرنیاش کە بەهۆی ئەم باجە گاڵتەجاڕانە و لەلایەن حکوومەتەکەی خۆیانەوە ئیستغلال دەکرێن.

ترەمپ رەخنەی لەم باجانە گرت و داوای کەمکردنەوەی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە بارگرانی لەسەر بەکاربەران دروست دەکەن.

لە دوای جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران لە 28ـی شوبات، هەروەها داخستنی گەرووی هورمز بەرووی کەشتییە نەوتهەڵگر و بازرگانییەکان، نرخی سووتەمەنی زۆر بەرزبووەوە، کە یەک بەرمیل نەوت 122 دۆلاری تێپەڕاند، بەمەش نرخی بەنزین لە ئەمریکا بەرزبووەوە، بەڵام دوای دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران و کردنەوەی گەرووی هورمز نرخی نەوت زۆر دابەزی، بەڵام هێشتا نرخی بەنزین لە ئەمریکا دانەبەزیووە.