سەرچاوەیەک: کۆتایی هەفتە ئێران بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانی وەردەگرێتەوە

سەرچاوەیەک بۆ کەناڵی عەرەبییە ئاشکرای کرد، کە شاندەکانی ئەمریکا و ئێران لە رێگەی سەرۆکوەزیرانی قەتەر و نێوەندگیرانی پاکستانی لە دەوحە دەستیان بە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ کردووە. جەختی لەوەش کردەوە، لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد دەکرێت.

سێشەممە، 30ـی حوزەیرانی 2026، سەرچاوەیەک بە کەناڵی عەرەبییەی راگەیاند، کە شاندەکانی ئێران و ئەمریکا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی قەتەر و نێوەندگیرانی پاکستانییەوە دەستیان بە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ کردووە؛ بەڵام جەختی لەوە کردووەتەوە کە هیچ دانوستانێکی راستەوخۆ لە نێوان شاندەکانی تاران و واشنتندا ئەنجام نادرێت.

بەپێی زانیاریی سەرچاوەکە، دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوو لایەن بە ئامادەبوونی وڵاتانی نێوەندگیرەوە بەڕێوە دەچن و تەوەرە سەرەکییەکانیش بریتی دەبن لە دۆخی ئاسایشی گەرووی هورمز و سەقامگیریی گشتیی ناوچەکە.

هاوکات، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا، ئێران بڕی 3 ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی وەردەگرێتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ، ماجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کردبوو، ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، نوێنەرانی سەرۆکی ئەمریکا لە دەوحەن بۆ ئەوەی لەگەڵ نێوەندگیرەکان کۆببنەوە و تاوتوێی رەوتی دانوستانەکان بکەن. 

گوتەبێژەکە روونیشی کردبووەوە، هیچ کۆبوونەوەیەکی ئاستی باڵا لە نێوان ئەمریکا و ئێران بڕیاری لەسەر نەدراوە، هاوکات ئەو دوو بەرپرسە ئەمریکییە بە هیچ شێوەیەک راستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی تاران کۆنابنەوە.

ئەو یاداشتنامەیەی کە لە 17ـی حوزەیرانی 2026ـدا لە نێوان ئەمریکا و ئێران واژۆ کرا، چەندین خاڵی گرنگی لەخۆ گرتبوو، لەوانە: راگرتنی شەڕ لە سەرجەم بەرەکان، دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز، لادانی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر بەندەرەکانی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە، ئازادکردنی بەشێک لە داراییە بلۆکەکراوەکانی تاران و، بەڕێوەبردنی دانوستان بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی 60 رۆژدا. 

چاوەڕوان دەکرێت، رێککەوتنی کۆتایی بە پلەی یەکەم تیشک بخاتە سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە.