فوئاد حوسێن: عێراق هێرشی سەر وڵاتانی کەنداو و جەنگی دژی ئێران رەتدەکاتەوە

ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو: ئاسایشی عێراق بەشێکی سەرەکییە لە ئاسایشی ناوچەکە

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند: کە وڵاتەکەی بە توندی هەر جۆرە هێرشێک کە خاکی وڵاتانی کەنداو بکاتە ئامانج رەت دەکاتەوە، بە هەمان شێوە دژایەتیی خۆی بۆ بەرپاکردنی هەر جەنگێک لە دژی ئێران دووپات دەکاتەوە، لە کاتێکدا عێراق وەک یەکەم قوربانیی ململانێ و جەنگەکانی ناوچەکە ناوەزد دەکات.

سێشەممە، 30ـی حوزەیرانی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە میانەی پێشوازیکردنی لە جاسم محەمەد بەدێوی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداو، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشی سازکرد و تێیدا هەڵوێستی نەگۆڕی عێراقی لەسەر دۆخی ناوچەکە و دۆسیە ئەمنییەکان خستە ڕوو.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، سەردانەکەی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی کەنداو بۆ بەغدا لە ژێر بارودۆخێکی هەستیار و دژواردا دێت کە ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت. جەختی لەوە کردەوە کە عێراق پابەندی بڕیارە نێودەوڵەتییەکانە. 

فوئاد حوسێن رایگەیاند: "عێراق بە توندی هەر هێرشێک کە وڵاتانی کەنداو بکاتە ئامانج رەت دەکاتەوە، بە هەمان شێوە دژی بەرپاکردنی جەنگە دژی ئێران."

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە عێراق هەمیشە یەکەم قوربانیی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بووە، بۆیە خوازیاری فراوانبوونی هیچ شەڕێک نییە.

لە چوارچێوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا، وەزیری دەرەوەی عێراق، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامبوونی دیالۆگ لەگەڵ کوەیت نیشان دا بە مەبەستی گەیشتن بە بڕیار و ڕێککەوتنێک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو وڵات بکات.

هەروەها روونی کردەوە، کە سیاسەتی نوێی حکوومەتی عێراق لەسەر بنەمای چەککردنی گرووپە چەکدارەکان و سنووردارکردنی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بەڕێوەدەچێت، لە پاڵ چڕکردنەوەی هەوڵەکانی حکوومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.

لە ڕووی ئابووریشەوە، وەزیری دەرەوەی عێراق دەرگای وڵاتەکەی بۆ کۆمپانیاکانی کەنداو واڵا کرد بە مەبەستی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکاندا.

لە لای خۆیەوە، جاسم محەمەد بەدێوی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداو، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی بۆ بەغدا دەربڕی و رایگەیاند: کە ئەم سەردانە چەندین پەیامی گرنگ لەخۆ دەگرێت.

بەدێوی، پاڵپشتیی تەواوی خۆی و ئەنجوومەنەکەی بۆ هەنگاو و بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی نیشان دا و دەستخۆشی لێ کرد بۆ ئەو بڕیارە گرنگانەی لە ماوەی ڕابردوودا گرتوویەتیەبەر.

ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداو ئاشکرای کرد کە لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ فوئاد حوسێن، تاووتوێی گەشەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە و پێویستیی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان کراوە. ناوبراو ستایشی هەوڵەکانی حکوومەتی عێراقی کرد بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی کەنداو.

 جەختی لەوەش کردەوە، کە ئەنجوومەنی کەنداو بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی پاڵپشتی پێویست لە پێناو سەقامگیری و ئاوەدانیی عێراقدا، چونکە ئاسایشی عێراق بەشێکی گرنگ و بنەڕەتییە لە ئاسایشی کەنداو و سەرجەم ناوچەکە.