لیژنەیەکی هاوبەشی هەرێم و عێراق بۆ داخستنی دەروازە سنوورییە نایاساییەکان پێکدەهێنرێت
دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رەزامەندیی نیشان دا لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا و هاوبەش لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پشکنینی مەیدانیی سنوورەکان و داخستنی تەواوی ئەو مەرز و خاڵانەی بە نایاسایی کار دەکەن؛ ئەمەش بە ئامانجی رێکخستنەوەی جووڵەی بازرگانی و بنبڕکردنی قاچاخچیتی.
سێشەممە 30ـی حوزەیرانی 2026، ئەنجوومەنی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق کۆبووەوە و تێیدا رەزامەندیی کۆتایی لەسەر راسپاردەکانی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووری دەربڕی، بە مەبەستی پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لەگەڵ نوێنەرانی هەرێمی کوردستان درا. ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵە چڕەکانی هەولێر و بەغدا دێت بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا لە تەواوی دەروازە سنوورییەکاندا.
بەپێی راگەیەندراوی ئەنجوومەنی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ئەرکی سەرەکیی ئەم لێژنەیە، کە بە سەرۆکایەتیی دەستەی دەروازە سنوورییە فیدراڵییەکان و ئەندامییەتی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبێت، بریتییە لە ئەنجامدانی پشکنینی مەیدانی و ورد بۆ تەواوی هێڵی سنووری لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان. لیژنەکە کار دەکات بۆ دەستنیشانکردن و داخستنی یەکجاریی سەرجەم ئەو دەروازە و خاڵە سنوورییە نایاساییانەی کە بەبێ رێگەپێدانی فەرمی و لە دەرەوەی چاودێریی دەوڵەت کار دەکەن.
هاوکات ئاماژەشی داوە، ئامانجی ستراتیژی لەم هەنگاوە، رێکخستنەوەی تەواوەتیی جووڵەی بازرگانی، توندکردنەوەی کۆنترۆڵی سنوورەکان و رێگریکردنە لە هەر جۆرە ئاڵوگۆڕێکی بازرگانی کە لە دەرەوەی رێکارە یاسایی، تەندروستی و گومرگییەکان ئەنجام بدرێت. چاوەڕوان دەکرێت بە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، داهاتی گومرگی رێکبخرێتەوە و رێگری لە بەهەدەردانی سامانی گشتی و زیان گەیاندن بە ئاسایشی ئابووریی وڵات بگرێت.
دوێنێ دووشەممە، فالح ساری، وەزیری دارایی و وەزیری پلاندانان بە وەکالەت، سەرۆکایەتی پێنجەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری کرد، هاوکات شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی سکرتێری گشتی ئەنجومەنی وەزیران سەرۆکی نوێنەرایەتی هەرێم، بەڕێوەبەرانی گشتی گومرگ و باج و بەدواداچوون، لەگەڵ ژمارەیەک لە پسپۆڕان بەشدارییان لە کۆبوونەوەکە کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنەکە چەند بڕیارێکی دا، یەکێک لە وان، بڕیارەکان پێکهێنانی لێژنەیەکی هاوبەشە بۆ پشکنینی سنوورەکان، واتە لێژنەیەک لە نێوان دەستەی دەروازە سنوورییە فیدراڵییەکان و نوێنەرانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ و هەرێم پێکدەهێنرێت، ئەرکی ئەم لێژنەیە ئەنجامدانی رووپێوی تەواوە بۆ سنوورەکان و سەردانیکردنی دەروازە و خاڵە سنوورییە نافەرمییەکانی هەرێم، تا راپۆرتێکی تێروتەسەل پێشکەش بە ئەنجوومەنەکە بکەن لەسەر ئەو دەروازانەی مەرجەکانیان تێدایە و ژێرخانیان هەیە بۆ ئەوەی بکرێنە فەرمی، هەروەها داخستنی ئەو دەروازە و خاڵانەی کە شیاو نین.
هەروەها وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێم، ڕەشنووسێکی یەکگرتوو تایبەت بە لێخۆشبوون و داشکاندنە گومرگییەکان ئامادە دەکات، کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە پەسەند دەکرێت و گشتاندنی بۆ دەکرێت بۆ سەرجەم دەروازە سنوورییەکان تا کاری پێبکرێت.